نادال هەواڵە ناخۆشەکەی راگەیاند

 
رووداو دیجیتاڵ

رافایێل نادال، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئیسپانیا، هەواڵێکی ناخۆشی بۆ هەوادارانی راگەیاند و بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی کراوەی ئوسترالیادا ناکات.
 
نادال دوای هەفتەیەک لە گەڕانەوەی بۆ نێو یاریگەکان جارێکی دیکەی تووشی پێکانبووە و بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەکانی ناتوانێت بەشداری لە رکابەرییەکانی یەکێک لە گەورەترین پاڵەوانێتییەکانی تێنسدا بکات کە چەند رۆژێکی دیکە لە ئوسترالیا دەستپێدەکات.
 
رافا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوویەتی "لەم کاتەدا من ئامادەنیم بۆ ئەوەی لە ئاستێکی بەرزدا رکابەری بکەم و لە یارییەکدا دەربکەوم کە 5 کۆمەڵەیە، دەگەڕێمەوە ئیسپانیا بۆ ئەوەی چارەسەری وەربگرم و پشوو بدەم."
 
خاوەنی 22 نازناوی گراندسلام زیاتر دەڵێت "لە دوایین یارییمدا لە رکابەرییەکانی بریسبەین، تووشی کێشەیەکی بچووک بووم لە ماسوولکەکانمدا، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی هەست بە دوودڵی بکەم و ئێوەش ئەوە دەزانن."
 
رافایێل نادال گوتی "کاتێک گەیشتمە مێلبۆرن هەلی ئەوەم هەبوو پشکنینی موگناتیسی ئەنجامبدەم، گرژییەکی بچووکیشم لە یەکێک لە ماسوولکەکانمدا هەبوو کە شوێنی پێکانەکەی پێشوو نەبوو."
 
نادال چەند رۆژێک لەمەوبەر دوای نزیکەی ساڵێک دوورکەوتنەوە، بەشداریی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی تێنسی بریسبەین کرد، بەڵام لە قۆناخی هەشت بەرامبەر جۆردان تۆمسۆنی ئوسترالی دۆڕا و ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد.