یەکێتیی تۆپی پێی عێراق داوای لێبوردن لە کوێت دەکات

07-01-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی کەنداوی 25
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، نیگەرانی خۆی لەبارەی رووداوەکانی رۆژی کردنەوەی جامی کەنداوی 25 پێشاندەدات و داوای لێبوردن لە شاندی کوێت دەکات.
 
لە رێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداوی 25 کە رکابەرییەکانی لە بەسرە بەڕێوەدەچن، شاندی هەڵبژاردەی کوێت تووشی کێشەی زۆر بوون و بەو هۆیەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوێت لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند " رێکخستنی ئاهەنگی کردنەوەی جامی کەنداو زۆر خراپ بوو، نوێنەری میری کوێت، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێ و سەرۆکی لیژنەی ئۆڵیمپی سووکایەتییان پێکراوە و لەبەر قەرەباڵخی نەیانتوانی لە کاتی دیاریکراودا بگەنە یاریگەکە و لەلایەن پیاوانی ئەمنییەوە بێڕێزییان پێکراوە."
 
دوای ئەم رووداوانە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت " یەکێتیی تۆپی پێی عێراق نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت بۆ ئەو رووداوە نەشیاوانەی لە هەندێک بابەتی رێکخراوەیی لە رێوڕەسمی کردنەوەی جامی کەنداودا هاتنە پێشەوە."
 
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە راگەیێنراوەکەدا داوای لێبوردن لە شاندی کوێت دەکات بەهۆی ئەو بەربەستانەی بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا بۆ شاندی وڵاتەکە دروستکران.
 
درجال دووپاتیدەکاتەوە ئەوەی روویداوە، کاریگەریی لەسەر پەیوەندی بەهێزی نێوان عێراق و کوێت نابێت، بەتایبەتیش لەسەر ئاستی وەرزشی، لەکاتێکدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوێت پاڵپشتێکی بەهێزی عێراق بووە بۆ میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە لە بەسرە، جەختیشی دەکاتەوە لیژنەی رێکخەری جامی کەنداو هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی هەموو لایەک پارێزراوبێت و لە رۆژی دووەمی پاڵەوانێتییەکەوە بەباشترین شێوە کارەکان بەڕێوەببەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە