سێریا ئەی.. یوڤێنتوس بۆ هەشتەم سەرکەوتن و هەشتەم کلین شیت یاری دەکات

07-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن سێریا ئەی یوڤێنتوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای یەکەم شکستی ئەمساڵی ناپۆلی لە سێریا ئەی و پاش حەوتەم بردنەوەی لەسەریەکی یوڤێنتوس لە هەمان خول، یارییەکانی گەڕی حەڤدەی خولەکە دەستپێدەکاتەوە و هەمووان چاویان لەوەیە خاڵی زیاتر بەدەست بهێنن و رکابەرییەکانیش تووندتر بکەنەوە.
 
یارییەکانی گەڕەکە بە رووبەڕووبوونەوەی فیۆرینتینا و ساسولو دەستپێدەکات، یارییەک تێیدا فیۆرێنتینا بەدوای یەکەم بردنەوە لە سێ گەڕدا دەگەڕێت، پاشئەوەی لە دوو یاری پێشوودا بەرامبەر میلان شکستی هێنا و دواتر لەگەڵ مونزادا یەکسانبوو.
 
فیۆرێنتینا لە نێو دۆخی گەڕان بەدوای باشترکردنی ئاست و سەرکەوتن لە ریزبەندی خولی ئیتاڵیا و ئەگەری دەستبەرداربوون لە ئەمرابتی ئەستێرەی درەوشاوەی مەغریب لە مۆندیالدا، رۆژەکانی بەڕێدەکات و هەمووان چاوەڕێن بزانن چارەنووسی ئەو یاریزانە بە کوێ دەگات، لە کاتێکدا دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان کراوەتەوە.
 
یانەی یوڤێنتوس لای خۆیەوە هەلێکی باشی لەبەردەمدا دەبێت بۆ ئەوەی زیاتر لە ریزبەندی خولەکەدا بەرەو پێش بچێت.. دروشمی یۆڤی لە یارییەکەی ئەمشەویدا بەرامبەر ئۆدینێزی، هەشتەم سەرکەوتن و هەشتەم کلین شیتە، پاشئەوەی یانەکە لە حەوت یاری رابردوودا حەوت سەرکەوتن و حەوت کلین شیتی تۆمارکرد.
 
ئەو دۆخە دەرونییە باشەی یانەکە تێیدا دەژی بەهۆی ئەنجامەکانی حەوت هەفتەی رابردووی و دەرکەوتنەوە لە یوڤێنتوس ئارێنا، پاڵنەر دەبن بۆئەوەی خانمە پیرەکە بە سەرکەوتنێکی دیکە بگات و بەوەش هێندەی دیکە گوشار لەسەر ناپۆلی پێشەنگی خولەکە و میلانی دووەمی ریزبەندیییەکە دروست بکات، بەتایبەت کە ئۆدینێزی رکابەرێک نییە توانای دروستکردنی سەرئێشەی زۆری بۆ یۆڤی هەبێت. ئەو یانەیە لە هەشت یاری رابردووی خۆیدا، تامی سەرکەوتنی نەکردووە.
 
ئینتەرمیلان کە لە پلەی چوارەمی ریزبەندی گشتیی خولەکەیە و لە گەڕی پێشوودا یەکەم شکستی لە وەرزی ئەمساڵدا دووچاری یانەی ناپۆلی پێشەنگ کرد، ئەمشەو رووبەڕووی مونزا دەبێتەوە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی. تاقیکردنەوەکە گەرچی لەسەر کاخەز بۆ ئینتەرمیلان بەئاسانی بێتە بەرچاو، بەڵام مونزا کە ماوەیەکی کەمە لە ناوچەی مەترسیداری دابەزین هاتووەتە دەرەوە، بە ئاسانی خۆی بەدەست ویستەکانی ئینتەرەوە نادات، بەتایبەی کە ئەو یانەیە لە دە یاری رابردوویدا پێنج سەرکەوتن و یەکسانبوونێکی بەدەستهێناوە.
 
یارییەکانی گەڕەکە ئاسۆی زیاتر لەبەردەم هەموو یانەکاندا رووندەکەنەوە، بۆ یوڤێ و ئینتەر ئەرکەکەی ئەم هەفتەیە ئاسانتر دێتە بەرچاو، لە کاتێکدا ناپۆلی و میلان، ئەرکی زەحمەتتریان لەبەردەمدا دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە