رووداو دیجیتاڵ
شاندى لیژنەى ئۆڵۆمپیى کوێت لە ئاهەنگى کردنەوەى پاڵەوانێتیى تۆپى پێى کەنداوى 25 لە بەسرە کشایەوە و چوونەوە وڵاتەکەیان.
رۆژی 6ى کانوونى دووەمى 2023، یەکێتیى تۆپی پێى کوێت لە راگەیێندراوێکدا نیگەرانى دەربڕى بەرامبەر بەوەى ناوى ناوە "خراپیى رێکخستنى" رێوڕەسمی کردنەوەى پاڵەوانێتیى کەنداوی 25 لە بەسرە و دەڵێت، بەو هۆیەوە شاندى وڵاتەکەى نەیتوانیوە ئامادەى ئاهەنگەکە بێت لە یاریگەى جەزع نەخلە لە بەسرە.
هەریەک لە نەواف ئەحمەد سوباح، نوێنەرى میرى کوێت، فەهد ناسر سوباح، سەرۆکى لیژنەى ئۆڵۆمپى سەرکردایەتیى شاندەکەی کوێتیان دەکرد.
یەکێتیى تۆپى پێى کوێت دەڵێت، وەک پاڵپشتیکردنێک بۆ نوێنەرى میرى وڵاتەکەیان، سەرۆکى یەکێتیى تۆپى پێى کوێت و شاندەکەى یاوەرى کشاونەتەوە و ناڕەزایەتیى خۆیان گەیاندووەتە بەرپرسانى عێراق لەبارەى رێکخستنى رێوڕەسمی ئاهەنگەکە. بەگوێرەى میدیای کوێتى، هەر دوێنێ هەینى شاندەکەى ئەو وڵاتە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
یەکێتیى تۆپى پێى کوێت باس لەوە دەکات، کشانەوەکە هەڵبژاردەى وڵاتەکەیان ناگرێتەوە و بەردەوام دەبن لە بەشداریکردن لە یارییەکان لەو پاڵەوانێتیەدا.
6ى کانوونى دووەم، پاڵەوانێتیى تۆپی پێى کەنداوى 25 لە شارى بەسرەى باشوورى عێراق دەستیپێکرد و ئاهەنگى کردنەوەکە لە یاریگەى جەزع نەخلە بەڕێوەچوو کە بە یاریگەى نێودەوڵەتیى بەسرە ناسراوە و تێیدا هەشت هەڵبژاردە بەشدارن. ئەوە یەکەمجارە لە دواى 44 ساڵ عێراق میواندارێتیى ئەو پاڵەوانێتییە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ