دی برۆین لە مانچێستەر سیتی تووڕەیە و هۆکارەکەی لیۆنێل مێسییە

07-01-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی لیۆنێل مێسی دی برۆین
A+ A-

رووداو دیجیتال 

کارگێڕیی یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، هەوڵدەدات گرێبەستی کێڤین دی برۆینی ئەستێرەی بەلجیکی نوێبکاتەوە، بەڵام ئەو کە وەرزی رابردوو بە باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ دەستنیشانکراوە، دەستەوارەیەکی گەورەی تیپەکەی رەتکردەوە، هۆکارەکەیشی وەک هەندێک لە سەرچاوەکان باسی دەکەن، لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینییە.

هەرچەندە کێڤن دی برۆین تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی 2022 لەگەڵ مانچێستەر سیتی دەمێنێتەوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکەی تێدەکۆشێت بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2025.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوەدەکەن کە بەمدواییە کارگێڕیی مان سیتی دەستەوارەیەکی گەورەی پێشکەش بەو یاریزانە تەمەن 29 ساڵانەیە کردووە بۆ هێشتنەوەی.

بەپێی ماڵپەڕەکە، دی برۆین ئێستا لە هەفتەیەکدا نزیکەی 313 هەزار یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت، بەڵام کارگێڕیی یانەکە هەوڵدەدات ئەستێرە بەلجیکییەکە بە مانەوە لە ریزەکانی یانەکەیاندا رازی بکات، ئەویش بە بەرزکردنەوەی مووچەکەی بۆ 360 هەزار یۆرۆ لە هەفتەیەکدا، واتا مووچەی ساڵانەی دی برۆین دەگاتە نزیکە لە 18.7 ملیۆن یۆرۆ.

رۆژنامەکانی بەریتانیا، باس لەوەدەکەن کە دی برۆین یەکەم دەستەوارەی مانچێستەر سیتی رەتکردووەتەوە و داوادەکات دەستنیشانکردنەکەی وەک باشترین یاریزانی پرێمەرلیگ لە وەرزی رابردوودا حسابی بۆ بکرێت.

ئەگەر دی برۆین بەو دەستەوارەیە رازی بێت، دەبێتە خاوەنی چوارەم گەورەترین مووچە لە پرێمەرلیگ، لەدوای داڤید دیخیای گۆڵپارێزی مانچێستەر یونایتد، کە 21.8 ملیۆن یۆرۆ ساڵانە مووچەیەتی و هەردوو یاریزانی یانەی ئارسیناڵ، مەسعود ئۆزیل و پیێر ئۆبامیانگ، کە هەر یەکێکیان 20.3 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە وەردەگرن.

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، کە دی برۆین لە کارگێڕیی یانەکەی تووڕەیە، لەبەرئەوەی زانیویەتی کە نایانەوێت مووچەیەکی زیاتر بدەنە ئەو، بەهۆی ئەوەی کە پلانێکیان هەیە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و دەیانەوێت کە مێسی هاتە ریزەکانی تیپەکەیان ببێتە خاوەنی زۆرترین مووچە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە