فەرمی؛ وادەی بەڕێوەچوونی جامی ئاسیا بە گۆڕانکاریی زۆرەوە دیارییکرا


رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، بەشێوەیەکی فەرمی وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2023ـی دیارییکرد.

فیدراسیۆنەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی رایگەیاند، لەنێوان 16-6ـی 2023 تاوەکو 16-7ـی 2023 یارییەکانی وەشانی داهاتووی جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە چین بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی لیژنەی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتییەکە لەسەر وادەی بەڕێوەچوونی یارییەکان کۆبووەوە و بڕیاری خۆیدا.

بەپێی بەیاننامەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا، وەشانی 18ـەیەمی جامی ئاسیا بەبەشداریی 24 هەڵبژاردە دەبێت و چاوەڕێی رکابەرییەکی بەهێز دەکرێت لە پاڵەوانێتییەکەدا، بەتایبەت ئەگەر هاندەران بتوانن لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا ئامادەبن، بۆ ئەوەش کە زۆرترین هاندەر بتوانن لە یاریگەدا بینەری یارییەکان بن، یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە لە رۆژی هەینی دەکرێت و یاریی کۆتاییش لە پشووی ناوەڕاستی هەفتەدا دەبێت.

ئەی ئێف سی دەڵێت، پاڵەوانێتی داهاتووی جامی ئاسیا کە لە چین بەڕێوەدەچێت، درێژترین وەشانی پاڵەوانێتییەکە دەبێت لە مێژوودا لەکاتێکدا ماوەی 31 رۆژ یارییەکانی بەردەوامدەبن، لەکاتێکدا پاڵەوانێتی پێشوو کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو 28 رۆژ بەردەوامبوو، لە پاڵەوانێتیی داهاتوودا ژمارەی هەڵبژاردەکان لە 16 هەڵبژاردەوە دەکرێتە 24 هەڵبژاردە.

داتۆ ویندسۆرن جۆن، ئەمینداری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لە پاڵەوانێتیی داهاتوودا، بەهاوکاریی فیدراسیۆنی تۆپی پێی چین باشترین وەشانی پاڵەوانێتییەکە پێشانی هەموولایەک بدەن و وابکەن کە هەموو جیهان بتوانێت بینەری یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بێت.