گەیشتە کۆتایی.. ریال مەدرید چاو لە ئێمباپێ سوور دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەیەوێت هەرچی زووە پرسی تایبەت بە کیلیان ئێمباپێ بگەیێنێتە خاڵی کۆتایی و ئیدی کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی بهێنێت، بۆ گواستنەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە.
 
ئێمباپێ ماوەی چەندین ساڵە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، هاوینی رابردوو دوای هێنان و بردنێکی زۆر، یاریزانەکە لە یانەکەی مایەوە و لە ماوەی دوو گواستنەوەی رابردوو، چیرۆکەکە گەرم دەبێت و چەندین هەواڵی لەبارەوە بڵاودەکرێتەوە، بەڵام هیچی راست دەرناچێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید نایەوێت سیناریۆی هاوینی ساڵی 2022 دووبارەببێتەوە، بۆیە دەیەوێت هەرچی زووە رێککەوتن لەگەڵ یاریزانەکە بکات، بۆ ئەوەی کۆتایی بەو دوورییەی نێوانیان بهێنن.
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "ریال مەدرید بە فایزە عەماری، دایک و بەڕێوەبەری کارەکانی ئێمباپێی راگەیاندووە، ئەوان 15 رۆژ موڵەت دەدەنە خۆی و کوڕەکەی بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەبارەی پەیوەندیکردنی کیلیان بە ریال مەدریدەوە بدەن."
 
یانەی شاهانە سەرەتای ساڵی نوێ دەستەوارەیەک دەخاتە بەردەم عەماری و کوڕەکەی، بەپێی هەواڵەکەی ئەی ئێس، ریال مەدرید بە فایزەی گوتووە "دەبێت لەماوەی ئەو 15 رۆژەدا کوڕەکەی بڵێت، بەڵێ دەمەوێت بچمە ریال مەدرید."
 
کیلیان گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، یاریزانەکە لەم وەرزەشدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەردەکەوێت، هێشتا روون نییە پاریس سانجێرمان دەتوانێت یاریزانەکە بە مانەوە رازی بکات یان نا، لەکاتێکدا پەیوەندییەکانی ناسڕ خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان و فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لەوپەڕی خراپیدان.
 
مانگی رابردوو دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ریال مەدرید گفتوگۆی لەگەڵ کیلیان کردووە، پاریس سانجێرمان دەیویست سکاڵا لەسەر یانەکە تۆماربکات، بەڵام یانەی شاهانە بەفەرمی گفتوگۆکردنی لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە رەتکردەوە.
 
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، ریال مەدرید بەدرێژایی ئەم وەرزە بەبێ یاریزانی چەق یارییکردووە و لە هێڵی هێرشبەریدا هێشتا بەتەواوی وەکو پێویست نییە، جگە لەوەش رۆژی سێشەممە چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو کە ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی و یانەی مانچێستەر سیتی بۆ هاوینی داهاتوو لە پلانەکانی یانە مەدریدییەکەدایە.
 
پێشتر بەڕێوەبەری کارەکانی ئێرلینگ رایگەیاندبوو، هالاند بڕیار لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەدات، هەموو ئەگەرێک کراوەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری رووبدات."