ریال مەدرید خۆی بۆ هاوینێکی نایاب ئامادەدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید پلان بۆ هاوینێکی سەرنجڕاکێش دادەڕێژێت و دەیەوێت تیپەکەی بەهێزتر بکات، بۆ ئەوەش چەند یاریزانێک لە پلانەکانی یانەکەدان.
 
ریال مەدرید لە هێڵی بەرگری لە باڵی راست کێشەی هەیە و دەیەوێت ئەو کێشەیەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا چارەسەر بکات.
 
ماڵپەری دێڤێنسا سێنتراڵی ئیسپانی، هەواڵێکی نوێی لەبارەی پلانەکانی یانەی شاهانە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "باڵی راستی هێڵی بەرگری ئەو شوێنەیە کە زۆرترین پێویستیی بە یاریزانێکی نوێ هەیە، بەهۆی ئەو پێکانە زۆرانەی دانی کارڤاخاڵ تووشی دەبێت و نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی گرێبەستی لوکاس ڤاسکێز لە هاوینی داهاتوو، کە ئەگەری هەیە یاریزانەکە لە یانەکە بڕوات."
 
سەرچاوەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ریال مەدرید هێشتا هیچ دەستەوارەیەکی نوێی بۆ لوکاس ڤاسکێز نەناردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
 
یانەی شاهانە چەند بژاردەیەکی دەستنیشانکردووە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا کار بۆ گواستنەوەیان بکات، یەکێک لەوانە جیریمی فریمپۆنگی یاریزانی یانەی بایرلیڤەرکوزنە، بەڵام بەهۆی ئاستبەرزەکەیەوە زەحمەتە یانە ئەڵمانییەکە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت و ئەگەر دەستبەرداریشی ببێت داوای پارەیەکی زۆر دەکات.
 
بژاردەکانی دیکەی بەردەم یانە مەدریدییەکە هەریەکە لە ریس جەیمس، بەرگریکاری یانەی چێڵسی، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوول و ئەشرەف حەکیمی، ئەستێرەی مەغریبی و یانەی پاریس سانجێرمانن کە ئەمیان پێشتر لە ریزەکانی لۆس بلانکۆس یارییکردووە و یانەکە دەیەوێت یەکێک لەم یاریزانانە بباتە ریزەکانی.
 
ئەوەی کێشەیە بۆ گواستنەوەی حەکیمی ئەوەیە کە گرێبەستەکەی لە هاوینی 2026 لە پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، یانەکەی رێگە نادات بەر لە هاوینی 2025 یاریزانەکە گفتوگۆ لەگەڵ هیچ یانەیەک بکات، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانە ئیسپانی و فەرەنسییەکەش بەهۆی پرسی کیلیان ئێمباپێیەوە لە دۆخێکی باشدانین، بۆیە زەحمەتە ئەو گرێبەستە بە ئاسانی یەکلابکرێتەوە.
 
ریس جەیمس گرێبەستەکەی لەگەڵ چێڵسی تاوەکو 2028ـە، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا ئێستا دەگاتە 55 ملیۆن یۆرۆ، ئەلیکساندەر ئارنۆڵدیش تاوەکو 2025 گرێبەستی لەگەڵ لیڤەرپوول ماوە و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا 65 ملیۆن یۆرۆیە.
 
بەستنەوەی ناوی ئەم یاریزانانە بە یانەی ریال مەدرید لەکاتێکدایە، میدیای ئیسپانیا بڵاویکردبووە، خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی جواو کانسێلۆ، بەرگریکاری پۆرتوگالی و یانەی مانچێستەر سیتی کە بەشێوەی خواستن لە بارسێلۆنا یاریی دەکات، خستووەتە بەردەم بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بکەن.