ڤیدیۆ؛ ساموێل ئیتۆ لە کامێرەمانێک دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

ساموێل ئیتۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی کامیرۆن و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، مامەڵەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرامبەر کامێرەمانێک دەکات و لەگەڵی بەشەڕدێت.
 
دوای یارییەکەی بەرازیل و کۆریای باشوور کە بەرازیل بە 4-1 یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی مۆندیال، لەکاتی هاتنە دەرەوەی لە یاریگەی 974 ئیتۆ وێنە لەگەڵ هاندەران دەگرێت، کامێرەمانێک بەبەردەوامی وێنەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن دەگرێت، سەرەتا ئیتۆ بە دڵخۆشییەوە لەگەڵ هەوادارەکانی دەرکەوت، بەڵام دواتر شتەکە پێچەوانە بووەوە.
 
ماڵپەری لا ئۆپینیەن ڤیدیۆکەی بڵاوکردووەتەوە، لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت گفتوگۆ لەنێوان کامێرەمانەکە و کەسێکی دیکەدا روودەدات، دوای ئەوەی ئیتۆ بەتەواوی کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەستدات و بەخێرایەکی زۆرەوە بەرەو رووی کامێرەمانەکە دەڕوات و بە تووندی لێی دەدات و دەیخاتە سەر زەوی.
 
ئەوانەی لە دەورووبەری ئەو شوێنەن ساموێل ئیتۆ دەگرن و دەیانەوێت کۆنتڕۆڵی خۆی بکات و لە شوێنەکە دووریبخەنەوە، بەتایبەت کە ئەو مێژوویەکی گەورەی لە تۆپی پێدا هەیە و ئێستاش سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیەتی.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری دروستبوونی ئەم گرژییە دیارنییە، بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری هەبووە و هێرشدەکرێتە سەر ئیتۆ، کە ناکرێت ئەو مامەڵەیە بکات لەکاتیکدا باڵیۆزێک لە مۆندیالی 2022ـی قەتەرە و ئەستێرەیەکی دیاری تۆپی پێ بووە.
 
هەرچەند دوای رووداوەکە و ئارامبوونەوەی بارودۆخەکە، پرسیار لە ئیتۆ کرا کە چی روویدا، بەڵام ئامادەنەبوو قسەبکات و لەگەڵ پۆلیسی چاودێری یاریگە شوێنەکەی بەجێهێشت.