کیلیان ئێمباپێ: زەحمەتە خۆت بە سەرۆکی مێسی و نەیمار بزانی

رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی پاریس سانجێرمان، لە وەڵامی پرسیارێکی تێری هێنریی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسادا، گوتی "ئاڵنگارییەکی گەورەیە لە تیپێکدا کە مێسی و نەیمار یاری بۆ دەکەن بڵێیت من سەرکردەم".
 
لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا، کە تێری هێنری لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، کیلیان ئێمباپێ باسی دۆخی خۆی و یانەکەی و هەروەها پرسی رۆیشتن لە پاریس دەکات و دووپاتیدەکاتەوە کە ئێستا لەگەڵ پاریس سانجێرمان دڵخۆشە و دەیانەوێت نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەنەوە.
 
ئێمباپێ گوتی "من لە یانەیەکم کە دەیەوێت نازناوی چامپیۆنزلیگ بباتەوە، من پاریسیم و زۆریش دڵخۆشم و هەمیشە ئەو قسەیەم کردووە، بەڵام من دەمەوێت شتێکی دیکە بدۆزمەوە".
 
تێری هێنری لێیپرسی، داهاتووت؟ ئێمباپێ لە وەڵامدا گوتی "ئەوە ئاسان نییە، هەر شتێک رووبدات من دەمەوێت لە یانەیەکی گەورە یاری بکەم، خەڵکی دەپرسن ئایا من هەست بە بێئومێدییەکی زۆر دەکەم؟ بەڵێ ئەوکاتەی دەمویست بڕۆم تا راددەیەک، بەڵام خۆ من لە خولی پلە سێیەکان نیم".
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا، کە هەندێک پێیانوایە تۆ خۆویستی؟ کیلیان گوتی "پێموایە من خاوەنی زۆرترین ئاسیستم لە لیگ وەندا و لەنێو ئەوانەم کە زۆرترین ئاسیستیشیان لە چامپیۆنزلیگدا هەیە، بۆیە ئەمە ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە من خۆویست نیم، هێشتا زۆرم لەلا ماوە بۆ ئەوەی پێشکەشی بکەم".
 
پرسیار هاتە سەر ئەوەی کە ئایا بوونی خۆی و لیۆنێل مێسی و نەیمار پێکەوە لە تیپێک چی دەگەینێت؟ ئەو گوتی "ئێمە دەزانین کە پێویستە لەسەرمان شتی زۆرتر بکەین، کاتێک  3 یاریزانی لەو ئاستە لە تیپێک بن، نابێت خۆمان بشارینەوە، پێویستە هەندێک شت بکەین وامانلێبکەن ئەوە لەبیرنەکەین کە بەشێکین لە تیپێک، دەبێت کۆشش لەپێناو تیپەکەدا بکەین".
 
ئەستێرەی فەرەنسی، زیاتر گوتی "کاتێک تۆ دەستکەوتی باش لەگەڵ تیپەکەت دەبەیتەوە، لەوە تێدەگەی کە ئەوە بەرەو پێشەوەت دەبات، هەر کاتێک وابیربکەیتەوە کە دەتوانی بە تەنیا شت بکەی، هیچ شتێک نابەیتەوە".
 
سەبارەت بە جیاوازی نێوان مۆناکۆ و پاریس سانجێرمان، کە پێشتر یاری بۆ مۆناکۆ کردووە، روونیکردەوە "لە مۆناکۆ ئێمە بە پشتبەستن بە هێرشی هەڵگەڕاوە یاریمان دەکرد، پاشان کە گەیشتمە پاریس هەموو شتێک جیاواز بوو، پاریس سانجێرمان ئاستێکی دیکەیە، ئەستێرەی گەورەی هەیە و پێویستە هەموو شتێک ببەیتەوە، لێرە دەبێت بەشێوەیەکی جیاواز لە هەموو شتەکان تێبگەی".
 
قسە هاتە سەر پرسی رۆیشتنی لە پاریس سانجێرمان، کە لەو بارەیەوە ئێمباپێ بە هێنری گوت "دوای یۆرۆ زۆر گەنگەشەم لەگەڵ دایک و باوکم کرد، پرسیم ئایا دەبێت هەڵبژاردەی فەرەنسا جێبهێڵم؟ دایک و باوکم دەیانزانی کە من دەمەوێت لە پاریس سانجێرمان بڕۆم، بەڵام داوایانلێکردم کە تەنیا بیر لەنێو گۆڕەپانی یاریگە بکەمەوە". 
 
لە کۆتاییدا، تێری هێنری لێیپرسی، خۆت بە سەرکردەی پاریس سانجێرمان دەزانی؟ کیلیان ئێمباپێ بەمشێوەیە وەڵامی دایەوە "کاتێک تۆ لەگەڵ مێسی و نەیمار یاری دەکەی و خۆت بە سەرۆک دەزانی، ئەوە ئاڵنگارییەکی زۆر بوێرانەیە، ئامانجمان ئەوەیە ئێمە وەک تیپ لە باشترین بارودۆخدا بین".