چیرۆکی ژیانی راهێنەرێکی تایبەت.. رۆناڵدۆی رەتکردەوە و گواردیۆلا و ئەورووپای سەرسامکرد

06-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رۆبن ئامۆریم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی سپۆرتینگی پۆرتوگالی سەرکەوتنێکی مێژوویی و گەورەی بەرامبەر یانەی مانچێستەر سیتی بەدەستهێنا و ماڵئاواییەکی شایستەی لە رۆبن ئامۆریم، راهێنەری لاوی یانەکەی کرد، کە ئیدی واز لەو یانەیە دەهێنێت و دەبێتە راهێنەری داهاتووی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی.
 
لە گەڕی چوارەمی چامپیۆنزلیگدا، یانەی سپۆرتینگ میوانداریی مانچێستەر سیتی کرد، یانەکە 4-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمە دوایین یاریی رۆبن ئامۆریم بوو لە چامپیۆنزلیگدا راهێنەرایەتی یانە پۆرتوگالییەکە بکات و رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە مانچێستەر ئەزموونێکی نوێی راهێنەرایەتی دەستپێدەکات.
 
دوای بردنەوە گەورەکە، رۆبن ئامۆریم چووە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی قسەی لەبارەی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە کرد، کاتێک پێیانگوت میدیای بەریتانیا تۆ بە سێر ئەلێکس فێرگسۆن بەراورد دەکات، ئەو گوتی "من شەش مانگ دەبێت هیچ شتێکم نەخوێندووەتەوە و ئەمە تاکە رێگەیە بۆ ئەنجامدانی کارێکی باش و بیرکردنەوە لە تیپەکە، چونکە دەزانم رۆژنامەکان چی دەڵێن و لەگەڵ تاکتیکەکانمان زۆر نەگونجاوە، دوو هەلی گۆڵمان هەبوو، دوای ئەوە ناوەڕاستی یاریگەمان داخست، بەڵام تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم یارمەتی زۆری داین بۆ ئەوەی پێشبکەوین."
 
ئامۆریم بە رۆژنامەڤانانی گوت "سوپاسی هەموو لایەکم کرد بۆ بردنەوەکە، ئەگەر یارییەکەشمان نەبردبایەوە ئەم ساتە باشبوو، بەڵام بەبردنەوە لە مانچێستەر سیتی شتەکە باشتریش بوو، ئێمە ساتی زۆر گرنگمان هەبوو، چوار ساڵ لەمەوبەر 4-1 دۆڕاین، ئەو شێوازەی یاریزانەکان ئاهەنگیان پێگێڕا و منیان بەرزکردەوە سەرنجڕاکێش بوو، چاوەڕێی هیچ شتێکی دیکەم لێیان نەدەکرد، چونکە دەزانن چیم بۆ کردوون و دەزانم ئەوان چیان بۆ کردم، ئەو یادگارییانە بۆ هەمیشە لەبیرم دەمێننەوە، ئەمڕۆ ناتوانم بەتەواوی چێژیان لێ وەربگرم، بەڵام پێموایە ساتێکی جوان بوو."

 
راهێنەری داهاتووی مانچێستەر یونایتد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی گواستنەوەی ئەم ئاستە بەرزە بۆ مانچێستەر یونایتد دەڵێت "ناتوانین لەوێ بەمشێوەیە یاری بکەین، کە لە یارییەکەدا کردمان، دەبێت خۆمان لەگەڵ بارودۆخەکان بگونجێنین."
 
رۆبن ئامۆریم، تەمەنی 39 ساڵە، راهێنەرێکی دیاری تۆپی پێی پۆرتوگالە، لەسەر ئاستی پۆرتوگال و چامپیۆنزلیگ، لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، پێشتر گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی راگەیێنراوە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەکو راهێنەری ئەو یانەیە دەستبەکار دەبێت.
 
ئامۆریم، پێشتر بەر لەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە بکات، رەتیکردبووە یانەکەی گرێبەست لەگەڵ دۆن بکات و ئامادەنەبوو راهێنەرایەتی ئەو ئەستێرەیە بکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "بەر لەوەی ببێتە راهێنەری مانچێستەر یونایتد، یانەی نەسڕ پەیوەندیی بەو راهێنەرەوە کردبوو و ئامادەبوو 20 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە بداتە ئامۆریم، بەڵام جارێکی دیکە راهێنەرە پۆرتوگالییەکە وەرگرتنی راهێنەرایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و تیپەکەی رەتکردەوە."
 
چیرۆکی ژیانی رۆبن ئامۆریم
 
رۆبن فلیپی مارکێز ئامۆریم، لە 27-1-1985 لە لیشبۆنە لە دایکبووە، کاتێک تەمەنی تەنیا یەک ساڵ بوو دایک و باوکی جیابوونەتەوە، هەریەکە لە دەیڤد سیماو و برونۆ سیماو، یاریزانانی پۆرتوگالی ئامۆزای ئامۆریمن.
رۆبن ژیانی هاوژینی لەگەڵ ماریا جواو دیۆگۆ پێکهێناوە و خاوەنی کوڕێکە، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەیان لە شاری کۆیمبرا لە کۆشک و خانەقای سانت مارک بەڕێوەچوو و هاوژینەکەی هەڵگری بڕوانامەی ئەندازیاری پەیوەندییەکانە و خۆشکەزای ئەنتێرۆ هێنریکی، بەڕێوەبەری وەرزشی پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانە، کە ئەو پیاوە بوو نەیمار داسیلڤای بەرازیلی کرد بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆ.
 
ئامۆریم وەکو یاریزان
 
رۆبن ئامۆریم لە 1998 لە یانەی ئاتلێتیکۆ کولتورال لە تیپی لاوان دەستی بە یارییکردن کرد، دوای ئەوە لە ساڵی 2000 بۆ ماوەی دوو ساڵ لە تیپی لاوانی بێنفیکا بوو و پاشانیش ساڵێک لە تیپی لاوانی یانەی بێلێنێنسی پۆرتوگالی یارییکرد.
 
ساڵی 2003 تاوەکو 2008 لە تیپی یەکەمی بێلێنێنسی پۆرتوگالی وەکو یاریزانێکی پیشەگەر یارییکرد.
 
لە ساڵی 2008 یەکەم گرێبەستی پیشەگەری یاریزانەکە لەگەڵ یانەی بێنفیکا بوو، ئەو کاتە تەنیا 1 ملیۆن یۆرۆی پێدرا و تاوەکو ساڵی 2017 لە ریزەکانی ئەو یانەیەدا ئامۆریم وەکو ناوەڕاستکار یارییکرد و لە 154 یاریی ئەو یانەیەدا 6 گۆڵی تۆمارکرد.
 
لە ماوەی یارییکردنیدا بۆ یانەی بێنفیکا ئامۆریم دووجار بە خواستن یانەکەی بەجێهێشت جارێک لە 2012 تاوەکو 2013 چووە یانەی براگای پۆرتوگالی و جارێکیش لە 2015 بۆ ماوەی ساڵێک پەیوەندیی بە یانەی وەکرەی قەتەرییەوە کرد.

 

 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردە جیاوازەکانی پۆرتوگال ئامۆریم یارییکردووە، لە 2010 تاوەکو 2014 یاریزانی تیپی یەکەمی هەڵبژاردەکە بوو، بەڵام تەنیا 14 یاریی ئەنجامدا و هیچ گۆڵێکی تۆمار نەکرد.
 
ئامۆریمی راهێنەر
 
رۆبن ئامۆریم، لە ساڵی 2018 لە یانەی کاسا پیای پۆرتوگالی، چووە نێو دونیای راهێنەرایەتی، بەڵام تەنیا ساڵێک لەو یانەیە بوو، ئەو وەکو راهێنەر خۆرخی خیسۆس، راهێنەری بەنێوبانگی پۆرتوگالی و ئێستای یانەی هیلالی سعودی وەکو مامۆستای خۆی دەزانێت، بەتایبەت کە ماوەیەکی زۆر وەکو یاریزان لەژێر سەرپەرشتی ئەو یارییکردووە.
 
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە کەسایەتییەکی ئارامی هەیە و بەوە بەنێوبانگە کە هەمیشە ستایشی یاریزانەکانی دەکات و هانیان دەدات بۆ ئەوەی بەباشترین ئاست و شێوە لە یاریگەکاندا دەربکەون، راهێنەرەکە سەرسامە بە پێپ گواردیۆلا و جۆزێ مۆرینیۆ و پێی وایە پێویستە هەر یارییەک بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکەیت کە لەگەڵ تیپی رکابەر گونجاو بێت.
 

رۆبن ئامۆریم لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنیدا لە یانەکانی براگا لەسەر ئاستی لاوان، تیپی یەکەمی براگا و سپۆرتینگ لیشبۆنە کاریکردووە.
 
لە 4-3-2020ـەوە راهێنەری سپۆرتینگە، لەگەڵ ئەو یانەیە دوو جار نازناوی خولی پۆرتوگالی بەدەستهێناوە و دوو جاریش نازناوی جامی پۆرتوگال و جارێکیش جامی سوپەری ئەو وڵاتەی بەدەستهێناوە و رێژەی بردنەوەکانی لەگەڵ ئەو یانەیە 70.87٪ـە لەکاتێکدا 230 یارییکردووە و 163 یاریی بردووەتەوە.
 
ئامۆریم لە مانچێستەر یونایتد
 
رۆژی 1-11-2024 یانەی مانچێستەر یونایتد بەشێوەیەکی فەرمی رێککەوتنی لەگەڵ رۆبن ئامۆریم راگەیاند، بۆ ئەوەی لە شوێنی ئێریک تێن هاگ ببێتە راهێنەری ئەو یانەیە و رۆژی 11ـی مانگ بۆ وەرگرتنی ئەرکە نوێیەکەی پەیوەندی بەو یانەیەوە دەکات.
 
گرێبەستی ئامۆریم لەگەڵ مانچێستەر یونایتد تاوەکو هاوینی 2027 دەبێت، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لەو یانەیە 10 ملیۆن یۆرۆ وەکو مووچەی ساڵانە وەردەگرێت.

 
راهێنەرە لاوە پۆرتوگالییەکە لە یانە ئینگلیزییەکە لەبەردەم ئاڵنگاریی زۆردایە، بەتایبەت کە یانەکە لە دۆخێکی خراپدایە و لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا ئەنجامەکانی باش نین و هاندەران زۆر لە تیپەکەیان ناڕازین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە