دهۆک میوانی سویسرای کەنداوە و دەیەوێت دووەم بردنەوە تۆماربکات

06-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی دهۆک جامی کەنداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بۆ تۆپی پێی کوردستان و دهۆک رۆژێکی مێژووییە، یانەی دهۆک بە نوێنەرایەتی هەموو عێراق دووەم یاریی لە جامی کەنداودا ئەنجامدەدات و دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا تۆماربکات.
 
یانەی دهۆک دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیدا لە یانەی ئەهلی سەنعای یەمەنی بردەوە، ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی زەفاری عومانی یاری دەکات، یارییەک کە پێشتر هەردوو یانە دووجار بەرامبەر یەکدی یارییانکردووە و هەردووجارەکەش دهۆکییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە.
 
دهۆک پێشتر لە 2013 لە جامی یەکێتی ئاسیا، دووجار بەرامبەر زەفار یارییکردووە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لەو یانەیەی بردەوە، لە یاریگەی خۆیدا 6 گۆڵی تۆمارکرد و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا، ئەمڕۆ سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیەتی دەیەوێت مێژوو دووبارەبکاتەوە و بە بردنەوەیەکی دیکەوە بگەڕێتەوە.
 
بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ لە جامی کەنداودا، دهۆک لە دوو یاریی رابردوودا لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا نەیبردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تیپەکە بە ورەیەکی بەرزەوە چووەتە عومان و چاوی لە بردنەوەی یارییەکەیە.
 

 

مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک بەر لە یارییەکە گوتی "ئێمە دەزانین یارییەکەمان بەرامبەر یانەیەکی زەحمەتە، سەرەڕای ئەوەی راهێنەرەکەیان گۆڕیووە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی خۆمان بکەین و بەتەواوی تیپی بەرامبەر بخوێنینەوە."
 
راهێنەری یانە کوردستانییەکە دەڵێت "یارییەکە زۆر گرنگە و بە چاوێکی دیکەوە سەیری دەکەین."
 
یارییەکە لە کوێ دەکرێت؟
 
یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زەفاری عومانی، کاژێر 17:00 بەکاتی کوردستان، لە شاری سەلالە لە یاریگەی سەعادە بەڕێوەدەچێت، شارەکە 3 هەزار و 441 کیلۆمەتر لە دهۆکەوە دوورە، دەکەوێتە سەر سنووری نێوان عومان و یەمەن و سەر دەریای کەنداوی عەرەبی.
 
سەلالە یەکێکە لە جوانترین و دڵڕفێنترین شارەکانی عومان، بەهۆی دڵگیر و کەشوهەوا سەرسوڕهێنەرەکە، ناوبانگێکی زۆری لەسەر ئاستی هەموو کەنداوی عەرەبی هەیە، نزمترین پلەی گەرمی لە شارەکەدا دەگاتە 15 پلە و بەرزترینیشی تاوەکو 40 پلەی سیلیزی دەڕوات.

 
بەهۆی ئەو دیمەنە ناوازانەی لەو شارەدا هەن، بە سویسرای کەنداو ناوبانگی دەرکردووە، بەتایبەتیش لە وەرزی بەهاردا سەوزاییەکی زۆر هەموو شارەکەدا دادەپۆشێت و هەزاران کەس لە جیهاندا بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان سەردانی ئەو شارە دەکەن، هەروەها ناوی شاری سەوزیشی لێدەنرێت.
 
ئەوانەی سەردانی ئەو شارە دەکەن، چێژێکی زۆر لەو یارییە سەرگەرمییەکان دەبینن، بەتایبەت سەرکەوتن بەسەر شاخدا، گەشتکردن بەنێو ئاو، گەڕان بە ئەشکەوتەکان و سەیرکردنی پێشبڕکیی باڵندە و وشتر.
یاریی ئەمڕۆی دهۆک بەرامبەر یانەی زەفار، لە یاریگەی سەعادە بەڕێوەدەچێت، یاریگەکە لە 2006 کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و لە 2009 کرایەوە، سەرەتا 12 هەزار هاندەر دەیانتوانی لەنێو یاریگەکەدا سەیری یارییەکان بکەن، بەڵام کەمی پەیژەکانی یاریگەکە ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە و دوای نۆژەنکردنەوە ژمارەی پەیژەکانی یاریگەکە گۆڕانکاریی تێدا کرا و ئێستا نزیکەی 20 هەزار دەتوانن لەنێو یاریگەکەدا سەیری یارییەکان بکەن.



 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە