نۆڤاک جۆکۆڤیچ گەیشتە 97 نازناو لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا

رووداو دیجیتاڵ

 

نۆڤاک جۆکۆڤیچ، تێنسزانی سربی و خاوەنی پلەی یەکەمی ریزبەندیی باشترین تێنسزانانی جیهان، تۆماری ریکۆردەکانی دەوڵەمەندتر کرد بە بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی پاریس ماستەرز.
 
جۆکۆ بۆ جاری حەوتەم ئەم نازناوەی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بە ئەنجامی دوو کۆمەڵە، شەش چوار و شەش سێ لە گریگۆر دیمیترۆڤی تێنسزانی بولگاری بردەوە.
 
لە رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێزی نێوان دوو یاریزانە بەتەمەنەکەی نێوان 20 باشترین یاریزانی ریزبەندیی جیهان، جۆکۆڤیچی تەمەن 36 ساڵ لە کۆمەڵەی یەکەمدا شەش سێ لە خاوەنی پلەی 17ـی ریزبەندیی بردەوە و جۆکۆڤیچ بۆ بردنەوە پێویستی بە 51 خولەک بوو.
 
دیمیترۆڤ لە کۆمەڵەی دووەمدا ئاستی خۆی بەرزکردەوە، بەڵام نەیتوانی رێگری لە جۆکۆڤیچ بکات لە بەدەستهێنانی 40ـەمین نازناوی ماستەرزی هەزار خاڵی.
 
جۆکۆڤیچ هەژدەمین سەرکەوتنی لەسەریەکی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا لە یاریی کۆتایی ویمبڵدۆن بە کارلۆس ئەلکاراز دۆڕا.
 
بەم سەرکەوتنە، جۆکۆڤیچ بۆ حەوتەمین جار لە ژیانی وەرزشیدا نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێنا و ژمارەی پێوانەیی، کە بەناوی خۆی بوو بەهێزترکرد کە زۆرترین سەرکەوتنی لەم پاڵەوانێتییەدا بەدەستهێناوە، کە 9 جار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی پاریس.
 
جۆکۆڤیچ هەروەها ژمارەیەکی پێوانەیی دیکەی خۆی بەهێزترکرد و بووە خاوەنی 40 نازناوی ماستەرز.
 
ئەم باشترین تێنسزانی جیهان بەشێکە لە کاروانێکی وەرزشیی پڕ لە دەستکەوت و نازناو، چونکە جۆکۆڤیچ لە ژیانی وەرزشیی خۆیدا 97 نازناوی بەدەستهێناوە.
 
بەم سەرکەوتنە جۆکۆڤیچ نزیکبووەوە لە ئەفسانە گەورەکانی تێنس، وەک رۆجێر فێدێرێری سویسری، کە خاوەنی 103 نازناوە و جیمی کۆنۆرسی ئەمریکی کە خاوەنی ژمارەی پێوانەییە و 109 نازناوی بەدەستهێناوە.
 
جگە لە نازناوی تاکەکەسی، جۆکۆڤیچ لەم وەرزەدا ئاستێکی نایابی پێشکێشکردووە و چەندین نازناویشی بەدەستهێناوە. بە سەرکەوتنەکەی لە پاریس، جۆکۆڤیچ پێشەنگییەکی بەرچاوی لە ریزبەندیی باشترینەکانی جیهاندا تۆمارکرد و نزیکەی هەزار خاڵ لە رکابەرە ئیسپانییەکەی کارلۆس ئەلکاراز دوورە. ئەمەش چانسی پاراستنی پلەی یەکەمی ریزبەندیی جیهانی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ زۆر بەهێز دەکات.
 
جۆکۆڤیچ 58 جار بەشداری لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتی ماستەرزدا کردووە، کە ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەیە لە ژیانی وەرزشی ئەودا. 
 
تێنسزانی سڕبی چاوەڕێی بەشداریکردنی دەکات لە پاڵەوانێتی کۆتایی ATP کە لە ماوەی ئەم وەرزەدا بە بەشداری هەشت باشترین یاریزانی جیهان بەڕێوەدەچێت.