ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا بەبردنەوە ماڵئاوایی لە پیکێ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا سێیەم بردنەوەی لەسەریەکی لە لالیگادا تۆمارکرد و ماڵئاوایی لە جێرارد پیکێ، ئەستێرەی یانەکەی کرد، کە بەشێوەی هەمیشەیی وازی لە یارییکردن هێنا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 13ـی لالیگادا، بارسێلۆنا میوانداریی ئەلمێریای کرد، جێرارد پیکێ بۆ دوایینجار بەدرێسی بارسێلۆناوە یارییکرد و کاپتنی یانەکە بوو.
 
دوای 7 خولەک یارییکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لێدانێکی سزای لەدەستدا و نەیتوانی گۆڵ تۆماربکات.
 
دوای ئەمە هێرشەکانی بارسێلۆنا بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی بەردەوامبوون، بەڵام تاوەکو خولەکی 48 هیچ گۆڵێک تۆمار نەکرا، کاتێک عوسمان دێمبێلی یاریی بە بەرگریکارانی ئەلمێریا کرد و بارسای پێشخست.
 
لە خولەکی 62 فرێنکی دییۆنگ بەلێدانێکی بەهێز خاوەن یاریگەی کردە خاوەنی دوو گۆڵ.
 
لە خولەکی 83 گۆڕانکاری بە پیکێ کرا، بۆ دوایینجار یاریزانە ئیسپانییەکە لە کامپ نو چووە دەرەوە و لە نێو رێزلێنانێکی زۆری یاریزانان و هاندەرانی بلاوگرانادا ماڵئاوایی لە یاریگەکان کرد.
 
دوای ئەم بردنەوەیە بارسێلۆنا بەشێوەیەکی کاتی بە کۆکردنەوەی 34 خاڵ چووە پێشەنگی ریزبەندی لالیگا، ئەلمێریا 13 خاڵی هەیە و پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە.