ڤیدیۆ؛ دێربیی مانچێستەر.. سۆلشایەر ئەمجارەش چاوی لە رۆناڵدۆیە

رووداو دیجیتاڵ

لەو شارەی کە نیوەی سوور و نیوەی دیکەشی شینە، یاریی دێربیی مانچێستەر بەڕێودەچێت، کە مان سیتی دەچێتە ماڵی مان یونایتد بۆ شەڕکردن لەسەر 3 خاڵی زۆر گرنگی گەڕی 11ـی پرێمەرلیگ.
 
مان یونایتد سەرەڕای ئەوەی یارییەکە لەنێو ئۆڵترافۆرددا دەکات، زیاتر هەست بە گوشار دەکات، بەهۆی ئەو هەموو رەخنانەی لە میدیاکانەوە ئاراستەی سۆلشایەر و تیپەکەی دەکرێن، کە سەرەڕای بردنەوەی لە تۆتێنهام لە گەڕی رابردوودا و یەکسانبوونی لەگەڵ ئاتالانتا لە چامپیۆنزلیگدا، شێواز و ئاستی یاریکردنی ئەو یانەیە بە دڵی کەس نییە، چونکە بە یانە گەورەکان دەدۆڕێت و سەرکەوتنەکانیشی بەزەحمەت بەدەستدێنێت.
 
تیپەکەی گواردیۆلا لە گەڕی رابردوودا بە کریستاڵ پالاس دۆڕا، بەڵام پاساوی ئەوەی بەدەستەوەیە کە بە یاریزانێک کەمتر یاری کرد، لە چامپیۆنزلیگیشدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر کلەب برووجدا بەدەستهێنا و پلەی یەکەمی ریزبەندیی کۆمەڵەکەی لە پاریس سانجێرمان وەرگرتەوە.
 
پێپ لە کاتێکدا کە پەسنی رۆناڵدۆ دەدات و دەڵێت مانچێستەر یونایتد خاوەنی یەکێک لە باشترین یاریزانانی مێژووە، لە هەمانکاتدا دەیەوێت شەڕی دەروونیش لەگەڵ سۆلشایەر بکات، کاتێک دەڵێت یاریی کلەب برووج لە یاریی مانچێستەر یونایتد گرنگترە، ئەو بەم قسانە دەیەوێت مێشکی سۆلشایەر زیاتر ئاڵۆز بکات، کە دەمێکە بەهۆی مەترسییەکانی دوورخستنەوەی لە راهێنەرایەتی مان یونایتد، مێشکی ئاڵۆز و سەرقاڵە.
 
هەوادارانی پرێمەریگ بەپەرۆشن بۆ ئەم یارییە، کە پێشبینی دەکرێت وەک هەمیشە رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز بێت، بەتایبەتی کە هەردوو یانە لە رووی کۆکردنەوەی خاڵەکان نزیکن لە یەکدی، مان سیتی بە 20 خاڵ سێیەمی ریزبەندییە و مان یونایتدیش بە 17 خاڵ پێنجەمە.
 
سۆلشایەر دەیەوێت ئەمجارەش رۆناڵدۆ سەرکردایەتی هاوڕێکانی بکات بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی گرنگ و ئاشتبوونەوە لەگەڵ هاندەرانی، کە داوای زیاتر لەمە لێی دەکەن، بەڵام گواردیۆلاش بێجگە لە بردنەوە هیچ ئەنجامێکی دیکە لە دی برۆین و هاوڕێکانی قبوڵ ناکات، چونکە بەبێ بردنەوە مەودای نێوان خۆی و چێڵسی و لیڤەرپوولی یەکەم و دووەم فراوانتر دەبێت و لەوانەیە ئەوکات گەڕانەوەیان بۆ نێو رکابەرییەکە هەندێک زەحمەت بکەوێت.
 
پێپ بە پێکهاتەیەکی تەواوەوە رووبەڕووی مان یو دەبێتەوە، کە ئەمیان لە تواناکانی یەکێک لە گرنگترین بەرگریکارانی بێبەش دەبێت، چونکە رافایێل ڤاران بەهۆی پێکانەوە مانگێک دوورکەوتووەتەوە.
 
هەرچۆنێک بێت، دوور لە هاوکێشەکانی پرێمەرلیگ، ئەم دێربییە هەمیشە رەهەندی زیاتری هەیە و هەردوولا بە رۆحێکی بەرزتر، بە گیانێکی حەماسیتر و بە چاوێکی سوورتر یاری دەکەن، چونکە بردنەوە بۆ هەریەکێکیان چێژێکی زۆرتری دەبێت.
 
خۆ ئەگەر باسی مێژووش بکەین، دەبینین سوورەکان باڵادەستن، کە لە دوایین 5 یارییاندا، مان یونایتد 3 جار براوەبووە و جارێک دۆڕاوە و جارێکیش یەکسانبوونە، بەشێوەیەکی گشتیش ئەو دوو یانەیەی شارە شین و سوورەکە 185 جار لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، مان یونایتد 77 جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بەرامبەر بە 55 بردنەوە بۆ مان سیتی و 53 جاریش یەکسان بوونە.