جەوییە نازناوی جامی یەکێتی ئاسیای بەدەستهێنا

06-11-2016
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
 جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا
جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا
نیشانەکردن جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا
A+ A-

لە یاری کۆتایی جامی یەکێتی یانەکانی ئاسیا، یانەی جەویەی عێراقی رووبەڕووی یانەی بێنگالوروی هیندی بووەوە و یارییەکەشی لێبردەوە و بۆ یەکەمجاریش وەک یانەکەی عێراقی نازناوەکەی بەدەستهێنا.

هەروەها حەمادی ئەحمەد بە 16 گۆڵ بووە گۆڵکەر و باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە.
ئەوەی یانەی هەولێر بە دوو جار بەدەستی نەهێنا یانەی جەوییە بە جارێک بەدەستیهێنا و وەک یەکەم یانەی عێراقی بووە پاڵەوانی جامی یەکێتی ئاسیا.

جەوییە لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە ئامادەبوونی هاندەرێکی زۆری یانەکە رووبەڕووی یانەی بینگالوری هیندی بوویەوە.

هەر لەسەرەتای یارییەکەدا یانە عێراقییەکە بەهێزەوە دەرکەوت و ئەمجەد رازی بەلێدانێکی بەهێز و سەعد ناتقیش بەلێدانێکی سەر خۆیان تاقیکردەوە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجامبوو و گێمی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بێ گۆڵ کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 70 وەک هەمیشە حەمادی ئەحمەد ئەستێرەی یەکەمی یانەکە گۆڵێکی بۆ جەوییە تۆمارکرد و خۆشی خستە نێو پەیژەکانی یاریگە و ژمارەی گۆڵەکانیشی لە پێشەوەی گۆڵکارانی پاڵەوانێتییەکە گەیاندە 16 گۆڵ.

دوای ئەم گۆڵە ئەمجەد رازی گۆڵی دووەمیشی بۆ یانە شین پووشەکەی عێراق تۆمارکرد، بەڵام بەبیانوی ئۆفسایدەوە هەژمارنەکرا و ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە تاوەکو ناوبژیوان فیکەی کۆتایی یارییەکەی لێدا و یاریزانانی جەوییە و باسم قاسمی راهێنەری یانەکە وەک یەکەم یانەی عێراقی باوەشیان بە جامی یەکێتی ئاسیادا کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە