رووداو وردەکارییەکانی پێکانی ئوسامە رەشید ئاشکرا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئوسامە رەشید، یاریزانی یانەی هەولێر و هەڵبژاردەی عێراق، تووشی پێکانبووە و رووداو وردەکارییەکانی نێو راپۆرتە پزیشکییەکەی ئەو یاریزانە ئاشکرا دەکات.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی هەولێر و زەورا، لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئوسامە رەشید، یاریزانی یانەی هەولێر لە خولەکی 74 تووشی پێکانبوو و بەناچاری گۆڕانکاریی پێکرا.
 
دوای یارییەکە ئوسامە رەشید، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و چەند پشکنینێکی تایبەتی بۆ ئەنجامدرا، ئەمڕۆ راپۆرتی پزیشکی یاریزانەکە دەرچوو.
 
بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکە، ئوسامە رەشید، 2.7 سانتیمەتری، ژێی بەستنەوەی نێوان ماسوولکە و ئێسکی بەشی ناوەوەی رانی راستی پچڕاوە، بەو هۆیەوە تووشی پێکانبووە و پێکانەکەشی لە ئەنجامی کرانەوەی فەتح بووە.
 
راپۆرتەکە دەڵێت "ئەوەی ئەرێنییە، خوێن نەتێزاوەتە نێو برینەکەی و ئەمەش هاوکاریی یاریزانەکە دەکات بۆ ئەوەی باشتر چارەسەرییەکان وەربگرێت."
 
دکتۆر ئامانج موحسین گەردی، پسپۆری نەشتەرگەری ئێسک و شکان و گۆڕینی جومگە لەو بارەیەوە بە رووداوی گوت "پێکانی یاریزانەکە زۆر مەترسیدار نییە و پێویستی بە 3 هەفتە دەبێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر و گەڕانەوە بۆ نێو یاریگەکان."
 
ئوسامە رەشید، لەکاتێکدا تووشی پێکانبووە، بۆ دوو یاریی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال بانگهێشتکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، هەر دوای یارییەکەی هەولێر و زەورا، پەیوەندیی بە ئوسامە رەشیدەوە کردووە و داوایکردووە پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە بکات، بۆ ئەوەی پزیشکی تایبەتی هەڵبژاردەکە چاودێری دۆخی یاریزانەکە بکات.
 
رۆژی 10ـی ئەم مانگە عێراق بەرامبەر فەلەستین یاری دەکات، ئوسامە رەشید بەشداری لەو یارییەدا ناکات، بەڵام راهێنەری عێراق دەیەوێت ئەو یاریزانە بۆ یارییەکەی عێراق و کۆریای باشوور یاریزانەکە ئامادەبکات، کە رۆژی 15ـی مانگ لە سیئول بەڕێوەدەچێت.