سوارێز: یاریزانانی ئۆرۆگوای بۆ بەیانی باشێکی بێلسا دەمرن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای مارسێلۆ بێلسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لویس سوارێز، ئەستێرەی وازهێناو لە یاریی نێودەوڵەتی، هێرشی تووندی کردە سەر مارسیلۆ بێلسا، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای و بەبەرپرسی شکستی هەڵبژاردەکەی لە کۆپا ئەمێریکا ناوبرد.
 
سوارێز دەڵێ، بێلسا تەنانەت بەیانی باش لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە ناکات، ئەوەی دەیڵێت زۆر دوورە لەوەی دەیکات.
 
سوارێز داوایکردووە هاندەرانی هەڵبژاردەکە، بەرپرسیارێتی شکستی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە کۆپا ئەمێریکای رابردوو نەخەنە ئەستۆی یاریزانان و دەڵێ لەگەڵ بێلسا، هەڵبژاردەکە دۆخێکی زۆر نێگەتیڤی هەیە.
 
بێلسا لە مانگی پێنجی ساڵی 2023 بەڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دەستنیشانکرا و تاوەکو ئێستا لە کارەکەی بەردەوامە.
 
سوارێز، قسەی بۆ میدیا وڵاتەکەی کردووە، دەڵێ، "لەبارەی هەڵبژاردەکە تەنانەت رێگە بەسڵاوکردن لەیەکدی نادرێت و کەس نان لەگەڵ ئەویدیکە ناخوات، دڵم شکاوە کاتێک دەبینم دۆخی هەڵبژاردەکە بەو شێوەیەیە".
 
سوارێز رەخنەی لە هەژاریی پەیوەندی نێوان دەستەی راهێنەران و یاریزانان گرتووە لە کۆپا ئەمێریکا و دەڵێ، "هەندێک رووداو هەبوون کە مایەی نیگەرانیی بوون، بەڵام من لەپێناو تیپەکەدا چاوپۆشیم لێکرد. یاریزانەکان زۆر کۆبوونەوەیان لەنێوان خۆیاندا کرد بۆ ئەوەی داوا لە راهێنەر بکەن، تەنیا بەیانی باشیان لێبکات، بەڵام ئەو تەنانەت ئەوەشیان بۆ ناکات".
 
هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە کۆپا ئەمێریکادا پلەی سێیەمی بەدەستهێنا پاش بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە کەنەدا.
 
بێلسا بەئیلهامبەخش و باوکی رۆحیی ژمارەیەک راهێنەری گەورە لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، لە کۆڕەکانیدا لەبارەی تۆپی پێوە، وەک فەیلەسووف قسە دەکات، خاوەنی بیرۆکەی سەرنجڕاکێشە لەسەر تۆپی پێ، پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و چیلی بووە، هەروەها راهێنەری یانەکانی ئاتلێتیک بیلباو، مارسیلیا، لیل، لازیۆ و لیدز یونایتد بووە.
 
سوارێز دەڵێ، بێلسا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا قسەی زۆر جوان لەبارەی هاندەرانەوە دەکات، کەچی رۆژێک لە ئەمریکا بەئێمەی گوت، هیچ یاریزانێک بۆی نییە لە هاندەران نزیک ببێتەوە و سڵاویان لێبکات، منیش بەڕوویدا وەستامەوە و گوتم، ئێمە سڵاو لە هاندەرەکانی خۆمان دەکەین.
 
سوارێز لە مانگی نۆی ئەمساڵدا وازی لە یارییکردنی نێودەوڵەتی هێنا، پاش کاروانێکی ناوازە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای کە تێیدا لە 143 یاریدا، 69 گۆڵی تۆمارکرد.
 
سوارێز دەڵێ، وەک کاپتنی هەڵبژاردەکە، جارێک ماوەی پێنج خولەک قسەم بۆ بێلسا کرد، زۆر شتم بۆ روونکردەوە، کەچی ئەو تەنیا سەری لەقاند و گوتی سوپاس.
 
هەڵبژاردەی ئۆرگوای لە گەڕی ئەمجارەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026ی ئەمریکا، بەرامبەر هەریەکە لە پیرۆ و ئیکوادۆر یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە