مانچینی: هیوادارم تاوەکو مۆندیالی 2022 لەسەر ریکۆردەکەمان بەردەوامبین

06-10-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرتۆ مانچینی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، پاڵەوانی یۆرۆی 2020 دەڵێت " پێویستە بیر لەوە بکەینەوە کە ئایا دەمانەوێت بگەینە یاری کۆتایی، 37  یارییە نەدۆڕاوین و دەمانەوێت بەردەوام بین، ئەوە لەسەر ئێمە دەمێنێتەوە، دەزانین کە تیپێکی باشین، بەڵام دەبێت کاربکەین بۆ بەردەوام بوون لەسەر سەرکەوتنەکانمان، هەر دەبێت بدۆڕێین، زوو بێت یان درەنگ، بەڵام هیوادارین ئەو زنجیرە سەرکەوتنانەمان تاوەکو مۆندیالی قەتەر بەردەوام بن، ئێمە دەمانەوێت یاریی کۆتایی میلانۆ بکەین."
 
راهێنەری ئیتاڵیا زیاتر گوتی " نەیشینسلیگ پاڵەوانێتییەکی گرنگە، ئەمجارە دوای یۆرۆ دەکرێت، ئێمە ئێستا لە نیوەی پاڵەوانێتییەکەداین و ئاسان نییە خۆمان بۆ یارییەکانی ئامادە بکەین، بەڵام هەرچۆنێک بێت باشترین 4 هەڵبژاردەی ئەوروپا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و یارییەکان زۆر گرنگ دەبن."
 
مانچینی بە رۆژنامەڤانانی گوت " ئێمە کێشەمان هەیە، بەڵام جیاکۆمۆ راسپادۆری و مۆیس کینمان هەیە، چەندین بژاردەمان لەبەردەستە، با بزانین کام بژاردە باشترینە."
 
راهێنەری ئیتاڵیا لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت " ئیسپانیا زۆر یاریزانی باشی هەیە و زەحمەتە هەموویان بانگهێشت بکرێن، هەندێجار پێویستە هەندێک یاریزانی باش بهێڵیتەوە."
 
لەلایەن خۆیەوە جۆرجیۆ کیلینی دەڵێت " ئێمە رێزێکی زۆر لە هەڵبژاردەی ئیسپانای دەگرین، یادگاری یارییەکەمان بەرامبەر ئیسپانیا لە یۆرۆدا هێشتا بە چاپکراوی لە مێشکماندایە، دەبێت ئێمە هەر لە سەرەتای یارییەکەوە ئامادەبین، دەبێت بۆ هەموو کاتەکانی یارییەکە بە باشی ئامادەبین. یاری کۆتایی یۆرۆی 2012ـەش لە کیێڤ ناخۆشترین یادگاریمانە لەگەڵ ئیسپانییەکان، باشترین یاری ئێمە لەگەڵ ئیسپانییەکان لە یۆرۆی 2012 بوو، لە نێو یاریزانانی ئیسپانیاشدا زۆر سەرسام بوومە بە سێرخیۆ رامۆس."
 
بەرگریکارەکەی ئیتاڵیا زیاتر گوتی " ئەوەی بەلامەوە زۆر گرنگ بوو بردنەوە بوو لەسەر ئاستی ئەوروپا، ئەو سەرکەوتنە هەستێکی زۆر خۆشی پێدام، من هەمیشە بە وریایی مامەڵە لەگەڵ هەڵوێستەکان دەکەم."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە