پێشکۆتایی نەیشنسلیگ.. ئیتاڵیا و ئیسپانیا یارییەکی مێژوویی یەکلاکەرەوە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
یارییەکی دیرۆکی، رووبەڕووبوونەوەیەک کە هەمیشە چێژی هەبووە، بەیکەگەیشتنی دوو زلهێزی رۆژئاوای ئەوروپا لە خاکی رۆمەکان بەگژیەکدا دەچن.

 

ئیتاڵیا لە سانسیرۆ میوانداریی ئیسپانیا دەکات، کوڕانی مانچینی بە ئامانجی درێژەدان بە ئاهەنگی هاندەرانیان دەجەنگن و دەیانەوێ ئەوەی لە تەمووزی رابردوو لە خاکی لەندەن کردیان، ئەمجارە خۆشییەکانیان لە نێو جەرگەی وڵاتەکەیان بگێڕن، ئاخر ئەوان پاڵەوانی یۆرۆن، یەکێكیش لەو هەڵبژاردانەی لە دەریای شیندا نقوم بوو، هەڵبژاردەی لارۆخای ئیسپانیا بوو کە لە پێش کۆتاییدا لێیبردەوە.
 
ئیسپانیا بۆ چەندەمینجار لەسەریەک بەبێ هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید یاریدەکات، جەوانەکانی ئێنریکی ئەمجارە سوود لە تواناکانی ئالڤارۆ مۆراتا، پێدری و مارکۆس یۆرێنتی وەرناگرن، لە کاتێکدا لە جێگەی ئەوان کۆمەڵێک لاو هاتوون، ئەوانیش برایس مێندێز، بریان خیل لە جێگەی یۆرێنتی و پێدری یاری دەکەن، بەڵام هێشتا شوێنگرەوەی مۆراتا دیار نییە و رەنگە فێران تۆرێس بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، چونکە جێرارد مۆرینۆش ئامادەنابێت.
 
ئیتاڵیا کە ماوەی 37 یارییە لەسەریەک نەدۆراوە کە ریکۆردێکی مێژووییە،  18 یاریشە لەسەریەک گۆڵ دەکات، بەڵام دۆخی هەڵبژاردەکە لەدوای یۆرۆوە تۆزیک دوودڵی دروستکردووە، بەوەی کە تیپەکە بەرامبەر بە هەڵبژاردەکانی سویسرا و بولگاریا تووشی یەکسانبوون بوو لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال.
 

ئیسپانیاش ئاستی وەک پێویست نییە، ئەوان کە بە سوێد دۆڕان و لە کۆمەڵەکەیدا لە پاڵاوتنەکان کەوتنە دواوە، ئێستا نیازی ئەوەیان هەیە یەکەم نازناو لەدوای ساڵی 2012ـەوە بۆ خاکی مەدرید ببەنەوە.
 
یارییەکە لەسەر یاریگەی سانسیرۆ لە شاری میلانۆ لە کاژێر 21:45 دەکرێت، ئەوەی گرنگە بۆ ئیتاڵیا ئەوەیە کە هەرگیز لەسەر ئەم یاریگەیە لە مێژوودا تووشی شکست نەبووە، هەرچەندە 44 یاریشی لەسەر کردووە بە پاڵاوتن و پاڵەوانێتیی و یارییە دۆستانەکانیشەوە، دوایین جاریش کە ئیتاڵیا و ئیسپانیا لەسەر یاریگەی سان سیرۆ یارییانکردووە، ئەنجامەکەی 0-0 بوو لە سآڵی 1980، لە ساڵی 1942 بۆ یەکەمجار ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە سانسیرۆ بەیەکگەیشتن و ئازووری 4-0 براوەبوو.
 
بەگشتی مێژووی یاریکردنی ئیتاڵیا بەرامبەر بە ئیسپانیا هاوتایە، لە 38 یاریدا لەسەرجەم پاڵەوانێتیی و یارییە دۆستانەکاندا 11 شکست و 11 سەرکەوتن لەگەڵ 16 یەکسانبوونی هەیە.
 
راستە ئەمشەو بە رێژەی 35٪ هاندەران ئامادەی یارییەکە دەبن لە سانسیرۆ، بەڵام ترس لەوە هەیە کە بەشێکی زۆری هاندەرانی میلان دژی جیانلویجی دۆناروومای گۆڵپارێزی ئازوورییەکان بووەستن کە پێشتر لە میلان بووە و یانەکەی لە پێناو پاریس جێهێشت.