چیرۆکی یەکەم گفتوگۆی گاتوزۆ و ئیبراهیمۆڤیچ لە ئەیسی میلان

06-10-2020
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن زلاتان ئیبراهیمۆج گاتوزۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی ساتی پەیوەندیکردنی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ بە ئەیسی میلان و کاردانەوەی یاریزانانی یانەکە.

جینارۆ گاتوزۆی یاریزانی پێشووی ئەیسی میلان و راهێنەری ئێستای ناپۆلی باس لە یەکەم ساتی هاتنی ئیبراهیمۆڤیچ دەکات بۆ ئەیسی میلان و دەڵێت، سوڵتان بۆ بەدەستهێنانی نازناو پەیوەندی بە رۆسۆنێرییەوە کردبوو.

گاتوزۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت، لە ساڵی 2010 کاتێك ئیبراهیمۆڤیچ پەیوەندی بە ئەیسی میلانەوە کرد و لە یەکەم مەشق و راهێناندا بەشداریکرد یەکەمجارمبوو بیبینم، پێشتر چەند جارێک یاریم لە دژی ئەو ئەنجامدابوو بەرامبەر ئەیاکس، یوڤێنتوس و ئینتەرمیلان، بەڵام یەکەمجاربوو روو بە روو قسەبکەین، جینارۆ دەڵێت، زلاتان هاتە لام و گوتی سڵاو لە کەیەوە نازناوی خولی ئیتاڵیاتان نەبردووەتەوە؟، منیش وەڵامم دایەوە و گوتم لە وەرزی 2003-2004ەوە نازناوی خولی ئیتاڵیامان نەبردووەتەوە، دواتر گوتی ئێستا کاتی ئەوەیە خولی ئیتاڵیا ببەینەوە، دواتر کلارێنس سیدۆرف هاتە نێو بابەتەکە و گوتی، ئێمە لێرە وەکو تیم و بەیەکەوە بیردەکەینەوە نەک تاکە کەسییانە.

زلاتان بۆ سیدرۆفیش بێدەنگ نەبوو و بە هێواشی پێی گوتووە، ئەیسی میلان بۆ ئەوە گرێبەستی لەگەڵ مندا واژۆکردووە بۆ ئەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا ببەینەوە، ئەوە ئامانجی من و ئەیسی میلانیشە، ئەوە بیرکردنەوەی تیم و بە کۆمەڵە، ئەم قسانە قسەی سەرەتای وەرزی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ بووە لە ئەیسی میلان و لە کۆتایی وەرزیشدا نازناوەکەیان بەدەستهێنا.

پێشتر زلاتان ئیبراهیمۆڤیچ بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ئەیسی میلان بووە، دوای ئەوە یانەکەی جێهێشت و لە کۆتاییدا و لە زستانی ئەمساڵدا گەڕایەوە یانەکە و کۆی گشتی یارییەکانی بۆ ئەیسی میلان 80 یارییە تاوەکو ئێستا و 54 گۆڵیشی تۆمارکردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە