ئەیمەن حوسێن چەند دوور دەکەوێتەوە؟

رووداو دیجیتاڵ

 

پزیشکی سەرپەرشتیاری چارەسەری ئەیمەن حوسێنی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، باسی تەندروستی یاریزانەکە دەکات و ماوەی دوورکەوتنەوەیشی ئاشکرا دەکات.
 
لە یاریی عێراق و عومان، کە لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی ئاسیا بۆ مۆندیالی 2026 لە بەسرە بەڕێوەچوو، ئەیمەن حوسێن تووشی کێشەیەکی دەماری بوو، و بەپەلە گوێزرایەوە بۆ کوەیت و لە نەخۆشخانە سەباح چارەسەری بۆ کرا.
 
پزیشکی سەرپەرشتیاری چارەسەری ئەیمەن حوسێن، هاندەرانی تۆپی پێی عێراقی لەوە دڵنیا دەکاتەوە کە یاریزانەکە سەلامەتە و تەنیا پێویستی بە پشوویەکی درێژ هەیە.
 
ئەو پزیشکە گوتی "ئەیمەن دوای 3 رۆژ دەتوانێت نەخۆشخانە جێبهێڵێت و پێویستی بە 45 رۆژ پشوو هەیە، ئینجا دەتوانێت دەست بە مەشقەکانی بکاتەوە..
 
ئەیمەن حوسێن، لە پەیامێکدا، مژدەی بە هاندەرانی دا و لەو دڵنیای کردنەوە کە سەلامەتە و باری تەندروستییەکەی بەرەوە چاکبوونەوە دەچێت و گوتی "سوپاس بۆ هەموو لایەک، سوپاس بۆ خوا کە من باشم بەهۆی نزاکانتان. سوپاس بۆ کوەیت و بەرپرسانی".
 
ئەیمەن سوپاسی دەستەڵاتدارانی کوەیتیشی کرد، کە پێشوازی لێکردن و لە نەخۆشخانەش سەردانیان کرد.
 
گوتەبێژی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، ئەحمەد موسەوی دووپاتیکردەوە کە بارودۆخی ئەیمەن حوسێن هێرشبەری هەڵبژاردەی شێرەکانی رەفیدەین باشتربووە و سەقامگیر بووە.
 
موسەوی لە بەیاننامەیەکدا کە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، روونیکردەوە "دوای کۆتاییهاتنی یارییەکەی عێراق و عومان، ئەیمەن حسێن گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی بەسرە، دواتر دەرکەوت کە تووشی کێشەیەک بووە و بەهۆی بەرکەوتنێکی بەهێز لە سینگی تووشی خوێنبەربوونێکی ناوەکی بوو، کە پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت، و بەمەبەستی تەواوکردنی چارەسەرییەکە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، عەدنان درجال، و باڵیۆزی عێراق لە کوەیت لەگەڵیدان، لەکاتێکدا بە گرنگییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ باری تەندروستی یاریزان ئەیمەن حوسێن دەکەن".