تووڕەیی ئیسپانییەکان لە ڤینی زیاتر دەبێت "ئەگەر دەستێک خواردنی پێدای گازی لێمەگرە"

رووداو دیجیتاڵ

لە ئیسپانیا هێشتا ئاگری تووڕەیی ئیسپانییەکان لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر نەکوژاوەتەوە و هێرشی میدیا و رۆژنامەڤانان بۆ سەر ئەو یاریزانە بەرازیلییەی ریال مەدرید بەردەوامن، بەهۆی ئەو لێدوانە مشتومڕهێنەرەی کە تێیدا داوایکردبوو مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لە ئیسپانیا وەربگیرێتەوە.
 
بەمدواییە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، رایگەیاند کە لە ئیسپانیا دیاردەی رەگەزپەرستی زۆر باوبووە بەتایبەتی لەنێو یاریگەکانی تۆپی پێدا و گوتی "ئەگەر تاوەکو 6 ساڵی دیکە دۆخەکە نەگۆڕێت، داوادەکەم مافی میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لە ئیسپانیا وەربگیرێتەوە و بدرێتە وڵاتێکی دیکە"، کە ئەم لێدوانەی ڤینی هەموو ئیسپانیای تووڕە کرد بە هاندەرانی ریال مەدریدیشەوە.
 
فێرناندۆ بورگۆسی رۆژنامەڤان، پەیامێکی پڕ لە رەخنەی ئاراستەی ڤینیسیۆس جۆنیۆری بەرازیلی کرد، و لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی ئۆندا سیرۆ، لە وەڵامی ڤینیسیۆسدا گوتی "ئیسپانیا پێشوازی لێکردی و ریال مەدرید نازی پێدای، تۆ ناتوانی گاز لەو دەستە بگریت کە خواردنت پێدەدات".
 
خۆسێ لویس مارتینێز ئالمێدا، سەرۆکی شارەوانی مەدریدی پایتەختی ئیسپانیاش، پێشتر رەخنەی لە ئەستێرە بەرازیلییەکە گرت و داوای لێکرد دەستبەجێ لە لێدوانەکانی پاشگەزبێتەوە.
 
فیفا پێشتر رایگەیاندووە کە مۆندیالی 2030 لە ئیسپانیا، پۆرتوگال و مەغریب بەڕێوەدەچێت و یارییەکانی سەرەتای پاڵەوانێتییەکەش لە ئەمریکای باشوور، بەدیاریکراوی لە ئەرجەنتین، ئۆرۆگوای، چیلی و پاراگوای بەڕێوەدەچن.
 
ڤینیسیۆسی تەمەن 24 ساڵ، دوای ئەوەی لە ساڵی 2018 پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، دووجار نازناوی چامپیۆنزلیگ و سێ جاریش خولی ئیسپانیای بەدەستهێناوە.
 
گرێبەستەکەی ڤینی لەگەڵ یانەی شاهانە تاوەکو ساڵی 2027 بەردەوامە، بەڵام سعودییەکان دەیانەوێت بە پارەیەکی خەیاڵی بیبەنە خولی رۆشنی سعودی.
 
میدیاکانی سعودیە، ئیسپانیا و بەرازیل باس لەوە دەکەن کە سعودیە ئامادەیە ڤینیسیۆس بە 500 ملیۆن یۆرۆ لە ریال مەدرید بکڕێت و لە ماوەی 5 ساڵدا یەک ملیار دۆلار وەک مووچە بە ئەستێرە بەرازیلییەکە بدات، کە بەهێزترین بەربژێرە بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵ.
 
هەر بۆیەش هەندێک سەرچاوەی میدیایی، دەڵێن "پێدەچێت ڤینیسیۆس بەئەنقەست ئەو لێدوانەی دژی ئتیسپانیا دابێت، بۆ ئەوەی رەخنەباران بکرێت و پاساوی ئەوەی دەستکەوێت لە ریال مەدرید بڕوات و بچێتە خولی سعودی".