لە ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید ئاگر دەبارێت

رووداو دیجیتاڵ

 

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید ئاشکرای دەکەن کە کۆمەڵێک کێشە لەنێو یاریزانەکانی یانەکەدا روویانداوە و دەڵێن "کارلۆ ئەنچیلۆتیی راهێنەر لە هەوڵدایە بۆ نەهێشتنی ئەو کێشانە و چارەسەرکردنیان، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە بەتەواوتی کۆنترۆلیان بکات، چونکە هەندێک لە یاریزانەکان تووڕەن".
 
لە چەند رۆژی رابردوودا کێشەو گرفتی زۆر لەنێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید روویانداوە، سەرەڕای سەرکەوتنی ئەم دواییەی یانەکە، کاتێک لە گەری چوارەمی لالیگادا 2-0 لە ریال بێتیسی بردەوە.
 
وەک سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە باسی دەکەن، ئەم دۆخە نالەبارەی نێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید بەهۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەشێک لە ئەستێرەکانی یانەکەیە، کە بەدڵنیاییەوە ئەو کێشانە کاریگەرییان لەسەر چەند یاریزانێکی دیاریکراو دەبێت.
 
لە خوارەوە پێداچوونەوە بە دیارترین ئەو کێشانە دەکەین، و روونی دەکەینەوە کە چۆن دەکرێت ئەو کێشانە کێشەی گەورەتر بۆ ریال مەدرید بەدوای خۆیاندا بێنن و کاریگەرییەکی نێگەتیڤانە بخەنە سەر وەرزی یانەکە:
 

ڤینیسیۆس و ئێمباپێ
 
لە یەکەم رۆژی ئامادەبوونی ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی و کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی لە هەمان پێکهاتەدا و پێکەوە یاریکردنیان بۆ ریال مەدرید، دەرکەوت کە هیچ کامیان ئەو ئەستێرەیە نابن کە هەریەکەیان هەوڵی ئەوە دەدەن لە ریزەکانی شاهانەدا بن.
 
ئەمەش راستەوخۆ بووە هۆی ئەوەی کە زۆرجار هەردووکیان بە ئاستێکی زۆر خراپ دەربکەون، ئەمەش راستەوخۆ رەنگدانەوەیەکی خراپی بەسەر ئاستی ریال مەدریدەوە هەبوو، کە لە چوار یاریی یەکەمی لالیگادا چوار خاڵی لەدەستداوە.
 
لەم دواییانەدا نیشانەکانی لێکتێگەیشتنێکی کەم لە نێوانیاندا بەرامبەر ریال بێتیس دەرکەوت، بەتایبەتی کاتێک ڤینی بۆ کیلیان دەستبەرداری لێدانی سزا بوو، بەڵام ئایا ئەوە بەس دەبێت بۆ چاککردنەوەی ئەو درزەی کەوتووەتە نێوانیان؟ یان لەگەڵ هاتنی ئەنجامێکی دیکەی خراپدا کێشەیەکی نوێ بەدواید دێتەوە.
 
 

بێلینگهام و رۆدریگۆ
 
لە دوو رۆژی رابردوودا شەڕێکی سارد لەنێوان دوو ئەستێرەی ریال مەدرید لە رێگەی هەژماری سۆشیال میدیاکانیانەوە روویدا، ئەوانیش جود بێلینگهامی ئینگلیزی و رۆدریگۆی بەرازیلی بوون.
 
ئەستێرە ئینگلیزییەکە وێنەیەکی خۆی لەگەڵ ئێمباپێ و ڤینیسیۆس بەبێ رۆدریگۆ له سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە، سەرەڕای ئەوەی بێلینگهام بەشداری لە دوایین یاریی ریال مەدرید بەرامبەر ریال بێتیس نەکرد.
 
پاشان رۆدریگۆ کە پێشتر بێزاریی خۆی دەربڕیبوو لە تەنیا بایەخپێدان بە سێ یاریزانەکە ئێمباپێ، بیلینگهام و ڤینیسیۆس، بێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەک باسی ئەو بکرێت، وەڵامی جود بێلینگهامی دایەوە و یاریزانە بەرازیلییەکەش وێنەیەکی دیکەی لەگەڵ ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر بڵاوکردەوە، بەبێ ئەوەی بێلینگهام لە وێنەکەدا بێت.
 

ئاردا گولەر
 
لەم وەرزەدا پێناچێت ئاردا گولەر بەدڵی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەر بێت، چونکە راهێنەرە ئیتاڵییەکە رەتیدەکاتەوە هەل و خولەکی پێویست بە یاریزانەکە بدات.
 
کێشەی گەورە ئەوەیە کە گولەر رۆڵی ئێستای قبوڵ ناکات، دوای ئەوەی لە زیاتر لە بۆنەیەکدا توانیویەتی تواناکانی خۆی بۆ ئەنچێلۆتی بسەلمێنێت، بەڵام ئەو خولەکانەی یاریکردنی بەدەستنەهێناوە کە چاوەڕێی دەکرد.
 
جگە لە یارینەکردن بە یاریزانە بە هۆکارێک کە تەنیا پەیوەندی بە ریال مەدرید و راهێنەرەوە هەیە، یاریزانەکە رووبەڕووی پرۆسەیەکی شێواندن دەبێتەوە لەلایەن ئەنچیلۆتییەوە، چونکە تەنیالە کاتە سەختەکاندا کە ریال مەدرید لە ئەنجامەکەدا دۆڕاوە یان دواکەوتووە ئاردا دەنێرێتە نیو یاریگە، کە لەوانەیە ئەمە ببێتە هۆکاری کەمکردنەوە لە تواناکانی گولەر لەبەردەم هەوادارانیدا.
 

لونین ناڕازییە
 
ناتوانیت گۆڵپارێزێک بیت کە بەربژێر بێت بۆ خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی وەرز، کەچی گۆڵپارێزێکی دیکە لە هەمان پۆستدا جێگەی تۆ بگرێتەوە.
 
رێک ئەمەیە لەگەڵ ئاندرێ لونین گۆڵپارێزی ریال مەدرید روودەدات، کە سەرکەوتوو بوو، و ناوی خۆی لە لیستی بەربژێرانی کۆتاییدا بینیەوە بۆ باشترین گۆڵپارێزی جیهان.
 
بۆیە ئەو گۆڵپارێزە ئۆکراینییە زۆر تووڕە و ناڕازییەوە، بەو پێیەی یاریزانەکە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە لەوانەیە بژاردەیەکی دیکە، کە لەبەردەستی خۆیدایە لەبەرچاو بگرێت.