رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پێشووی کرد، بەبۆنەی گەیشتنی بە گۆڵی ژمارە 900 لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا.
ریال مەدریدی پاڵەوانی ئەوروپا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا پیرۆزبایی لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی کرد و بە ئەفسانەیەکی مێژوویی و گەورەی یانەی شاهانە ناویبرد.
دۆن رۆناڵدۆ بەرامبەر هەڵبژاردەی کرواتیا لە گەڕی یەکەمی نەیشنسلیگدا، گۆڵی ژمارە 900ـی خۆی تۆمارکرد، هەروەها بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی یارییەکەدا ئەم ژمارەیەی گۆڵ تۆماربکات.
ریال مەدرید، لە پەیامێکی پیرۆزباییدا کە ئاراستەی رۆناڵدۆی کردووە، دەڵێت "دەستکەوتێکی مێژوویی دیکە، ریکۆردی 900 گۆڵ لە ژیانی پیشەگەرانەی یەکێک لە ئەفسانە گەورەکانی ریال مەدرید و تۆپی پێی جیهانیدا تۆمارکرا".
ئاماژەی بەوەشکردووە "پیرۆزە کریستیانۆی ئازیزمان، هاندەرانی ریال مەدرید و ریال مەدرید هەمیشە شانازیت پێوە دەکەن".
دۆن رۆناڵدۆ، کە لە ساڵی 2009 لە مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە ریزەکانی ریال مەدریدەوە کردووە، لە ماوەی 9 وەرزدا بە درێسی ئەو یانەیەوە لە 438 یارییدا لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 450 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری مێژوویی یانەی شاهانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ