ڤیدیۆ؛ زیدان بەر لە چەندین ساڵ گوتوویەتی مێسی 8 باڵۆن دۆر دەباتەوە

رووداو دیجیتاڵ

رۆژێک لە رۆژان، ماڵباتێک لەوپەڕی ئەمریکای لاتین، لە ئەرجەنتین و رۆزاریۆ، مشتومڕی ئەوەیان بوو چۆن کوڕەکەیان لە کێشەی باڵانەکردن و گەشە رزگار بکەن.. ئەوکات باوکودایک بەخەمێکی قووڵەوە لە منداڵە رەنگ سپییە بچکۆلەکەی خۆیان دەڕوانی کە هەموو رۆژێک بە تۆپێک لە بن باڵییەوە دەگەڕایەوە و ماڵەوە و هەر بچووک دەمایەوە، بەڵام چاوەکانی جادوویەکی سەیریان تێدابوو.
 
رۆژێک لە رۆژانی دواتر، باوکەکە بیری لەوە دەکردەوە ئەو منداڵە، کە لە قاچەکانیدا موجیزەیەک هەیە، کێ بۆی دەبێتە فریادڕەسێک و کێ دەتوانێ رای لێبکات باڵا بکات؟ ئەو رۆژانە باوکەکە هەموو جار بیرکردنەوەکانی لەبارەی کوڕە بچکۆلەکەیەوە بەر دیواری ئەستووری خەمێکی قووڵ دەکەوت، کاتێک بیری دەکەوتەوە پزیشکەکان دەڵێن، منداڵەکەت گەشە دەکات، بەڵام چارەسەری دەوێت و چارەسەریش بە پارە دەکرێت.. ئەو باوکە، ئەوکات تەماشایەکی گیرفانەکانی خۆی دەکرد و حەسرەتێکی قووڵی هەڵدەکێشا و دەیگوت لیۆکەم، نازانم چۆن ئەو کێشەیەت بۆ چارەسەر بکەم.
 
رۆژێک لە رۆژان، دوای ئەو رۆژانەی نەهامەتی بەرۆکی خێزانەکەی گرتبوو.. ترس باڵی بەسەر دڵی هەموواندا کێشابوو و نادیاریی چارەنووس هەمووانی تۆقاندبوو.. رۆژانێک هاتنە پێشەوە، ئەستێرەیەکی مەزنی فەرەنسی، درەوشاوە و مەزن و خاوەن مێژوو، کاتێک لە یاریگەدا تەماشای ئەو منداڵە پەرجووییەی دەکرد، گوتی خەمتان نەبێت، ئەم بچکۆلەیە هەشت باڵۆن دۆر دەباتەوە.
 
ئەوەی قسەکەی کرد، زینەدین زیدان بوو، ئەوەی قسەکەشی بەرامبەرکرا، روونە لیۆنێل مێسی بوو..
 
رۆژانێکی زۆر بەسەر ئەو رۆژانەدا تێپەڕین، ئێستا جیهان خۆی بۆ دابەشکردنی خەڵاتێکی دیکەی باڵۆن دۆر ئامادە دەکات و ئەو کوڕیژکە بچووکە بووەتە ئەفسانە، بووەتە باوک.. باڵای هەر بچووکە، بەڵام ئەی خوایە چ جادوویەک لە قاچیدایە.. ئەو جادووگەرە، ئێستا خۆی بۆ بەدیهێنانی قسەکەی زیدان ئامادە دەکات و بۆ جاری هەشتەم قاتێکی رەشی گرانبەها لەبەردەکات، تاوەکو لە پاریس و لە هۆڵێکی داخراودا گوێی لەناوی خۆی بێت کە پێی دەڵێن، تۆ براوەی باڵۆن دۆری ئەمساڵیت و ئیتر شەقژنی چەپڵە لێدان، هۆڵە بێدەنگەکە دەهەژێنێت.
 
مێسی، حەوت باڵۆن دۆری بەدەستهێناوە، ئێستا هەمووان بەتاسەوەن هەشتەمیش بخاتە پاڵیان.. هەمووان هەمان پێشبینییان هەیە و هاوڕان لەسەرئەوەی، ئەو بچکۆلە ناوازەیە کە ئیدی خەریکە ماڵئاوایی لە جیهانی تۆپی پێ دەکات، دەبێ ئەمساڵیش باڵۆن دۆرەکە بباتەوە. ئاخر ئەو خەمۆکیی لە دڵی ئەرجەنتینییەکان دەرهێنا و کۆتایی بەچاوەڕوانییەکی درێژ و تاقەتپڕووکێنی ئەوان، بۆ جامە جیهانییەکە هێنا.
 
لە دوای رۆژە پڕخەمەکانی رۆزاریۆ، رۆژەکان بەخێرایی تێپەڕین، ئەو هات و هەرچی هات رایماڵی، هات و هەرچی سەرنجە بردی بۆخۆی، هات و هەرچی جادووە بەخشییەوە و هەرچی چێژە بەوانیدیکەی بەخشی، ئێستا چاوەڕێیە لە دوای ئەو هەموو بەخشینە، پێی بڵێنەوە، فەرموو تۆ براوەیت.
 
لەسەر خۆڵی کۆڵانەکانی رۆزاریۆ و لە پاڵ ماڵە سەر بەجەمەلۆن گیراوەکانی ئەو شارەوە دەستیپێکرد.. دوور رۆیشت، چووە ئیسپانیا و لە بارسێلۆنا گیرسایەوە، ئەوێی داگیرکرد و دواتر گوتی، من زۆر شاری دیکەشم دەوێ، لە مایۆرکاوە تاوەکو ڤالێنسیا، لە تێنریفییەوە تاوەکو مەلەگە، پاشان بیلباو و کۆردۆبا و لە کۆتاییشدا مەدریدی پایتەخت.
 
بە ئیسپانیا تێرنەبوو، وەک هێرشکارێکی بێڕەحم لە هێرشبردن بەردەوامبوو، لە ئیسپانیاوە بۆ فەرەنسا، پاشان بەلجیکا، دواتر ئەڵمانیا، ئەولاتریش نەمسا، سویسرا، پۆرتوگال و لەوێشەوە جارێکیدیکە بەرز فڕی و بەریتانیا و پاشان هەموو جیهانی داگیرکرد.. ئەو بەجەنگ و شەڕ دەستیپێنەکرد، ئاشتییانە، وەرزشییانە، جادووییانە دڵی هەمووانی بۆخۆی برد.. هەزارانی بە قاچە خێراکانی سەرمەست کرد.. ملیۆنانی خستە نێو گریانەوە، بە پێکەنینی سپاردن.. نەوەیەکی دایە دەست نەوەیەکی دیکە و لێهاتووییەکەی هەر نەبڕایەوە، بوە ئایکۆن، بووە ئەفسانە و سیمبوول.. وەڵامی هەموو کەس و هەموو داخوازییەکی دایەوە.. بە شکست رازینەبوو، دۆڕانی قبووڵ نەکرد.. نەیزانی خۆبەدەستەوەدان یانی چی و لەوە تێنەگەیشت کۆڵدان مانای چی.. ئەو ئەو شتانە ناناسێت، نەیبینیون و پێیان ئاشنا نییە، ئەو تەنیا یەک شت دەزانێت.. دوای تۆپ بکەوە و راکە.. راکە و راکە و راکە.. تا لە کۆتاییدا، لەوسەری جیهانەوە تەماشایەکی مێژووی هەزار ساڵەی تۆپی پێ دەکەیت و پاش تێڕامانێک، لاپەڕەکانی فڕێ دەدەیت و بەگەورەیی دەنووسی، ئەو مێژووە کۆتایی هات، ئێستا مێژوویەکی دیکە هەیە، مێژووی مێسی یان مێژووی کۆتایی هێنان بەمێژووی تۆپی پێ.