بەربژێرەکانی باڵۆن دۆر ئاشکرا دەکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بەربژێرەکانی خەڵاتی باڵۆن دۆر بۆ باشترین یاریزانی جیهان رادەگەیێنرێن.
 
گۆڤاری فرانس فۆتبووڵی فەرەنسی کە ساڵانە خەڵاتی باڵۆن دۆر دەداتە باشترین یاریزانی جیهان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 18:30 ناوی بەربژێرەکان بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر رادەگەیێنێت.
 
بەپێی گۆڤارەکە رۆژی 30-10-2023 لە هۆڵی شاتێلێت براوەی باڵۆن دۆر ئاشکرا دەکرێت.
 
چاوەڕواندەکرێت هەریەکە لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی ئینتەرمەیامی، بەهۆی بردنەوەی نازناوی مۆندیال لەگەڵ ئەرجەنتین و ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی و یانەی مانچێستەر سیتی، بەهۆی بردنەوەی سیانەی مێژوویی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە بەربژێری سەرەکی بن بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتەکە.
 
بۆ بەربژێری سێیەم هێشتا بەتەواوی روون نییە کێ لە لیستەکەدا دەبێت، قسەی زۆر لەبارەی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆر هەیە، کە هەردووکیان وەرزی رابردوو ئاستێکی بەرزیان پێشکێشکردووە، ئێمباپێ بووە گۆڵکاری مۆندیال و ڤینیش لەگەڵ ریال مەدرید رۆڵی گەورەی بینی لە بردنەوەی جامی جیهانی یانەکان، جامی سوپەری ئەوروپا و جامی شای ئیسپانیا.
 
لەگەڵ راگەیاندنی ناوی بەربژێرەکان بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، ناوی 20 خانمە یاریزانیش رادەگەیێنرێت بۆ بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزان لەسەر ئاستی خانمان، 10 گۆڵپارێز بۆ بردنەوەی خەڵاتی لیڤ یاشین بۆ باشترین گۆڵپارێز بەربژێر دەکرێن و 10 یاریزانی لاویش بۆ بردنەوەی خەڵاتی کۆپا بۆ باشترین یاریزانی لاو بەربژێر دەبن.
 
کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و ئێستای یانەی ئیتیحادی سعودی ساڵی رابردوو بووە گەورەترین یاریزان لە کاروانی یارییکردنیدا لە تەمەنی 34 ساڵی و 10 مانگیدا خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە.