کریستۆف گالتێ: پاریس سانجێرمان بەربژێر نییە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ

06-09-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستۆف گالتێ یوڤێنتوس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، رەتیکردەوە تیپەکەی بەربژێر بێت بۆ بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ. گوتیشی "خواستێک هەیە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە بە یارییەکی سەرسوڕهێنەر".
 
ئەمشەو چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات و لە یاریی لووتکەدا، یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەبێتە میوانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و یارییەکە کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
کریستۆف گالتێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا گوتی "بێگومان چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتییەکە کە یاریزانەکان زۆریان خۆشدەوێت و هەمیشە ئاستێکی بەهێز و جامێکی جوانی تێدایە".
 
ئەو لەبارەی یارییەکەشەوە، گوتی "یەکەمجارە لەدوای یارییەکەی بەرامبەر نانتەوە دەبینم یاریزانەکان زۆر بەخێرایی وزە و چالاکی خۆیان بەدەستدێننەوە، چ بە تاک یان بەکۆمەڵ. لە ماوەی 48 کاژێری پێش یارییەکەدا دڵنیابووینەوە لە چاکبوونەوە و ئامادەکاریی باشیان. ئایا وروژاندن هەیە؟ نەخێر، بەڵکو خواستێک هەیە بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە بە یارییەکی سەرسوڕهێنەر".
 
راهێنەری یانەی پاریسی، رەتیکردەوە یانەکەی بەربژێر بێت بۆ بردنەوەی ناناوەکە و گوتی "نەخێر، نەخێر ئێمە بەربژێر نین بۆ بردنەوەی نازناوەکە، ئەوە بچووککردنەوەیەکی گەورە دەبێت بۆ رکابەرەکانی دیکەمان، زۆرجار دەڵێم هەمیشە هەشت یان نۆ تیپ هەن کە پێیانوایە دەتوانن نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەنەوە، لە کۆتاییدا هەشت یان نۆ لەو پاڵێوراوانە شکست دەهێنن لە مانەوە تا کۆتایی".
 
گالتێ هەروەها گوتیشی "لە دوایین وەرزەکاندا زۆر سوپرایز هەبووە و سیناریۆی سەرسوڕهێنەر روویانداوە، تیپەکەمان ئاواتەخوازە نازناوەکە بباتەوە و ئەمەش مافێکی ڕرەوایە، بەڵام پێموانییە بەربژێر بین  بۆ بردنەوە نازناوەکە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە