ماسیمیلیانۆ ئالێگری: دەبێت سێکوچکەی پاریس سانجێرمان رابگرین

رووداو دیجیتاڵ

ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوسی ئیتاڵی، سەبارەت بە یارییەکەیان بەرامبەر پاریس سانجێرمان، رایگەیاند، نابێت هیچ رووبەرێک بەجێبهێڵین، ئەگەرنا پاریس سانجێرمان بەهێزتر دەبێت، گوتیشی "دەبێت سێکوچکەکەی پاریس رابگرین".
 
ئەمشەو چامپیۆنزلیگ دەستپێدەکات و لە یاریی لووتکەدا، یوڤێنتوسی ئیتاڵی دەبێتە میوانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و یارییەکە کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 
ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یانەی یوڤێنتوس، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا گوتی "پێویستە سێکوچکەی پاریس سانجێرمان، هەریەک لە مێسی، ئیمباپێ و نەیمار رابگرین".
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی "من نەمگوتووە نامانەوێت ئەم یارییە ببەینەوە، بەسادەیی گوتم یارییەکە تاقیکردنەوەیەکی گرنگە، تاقیکردنەوەیەکی جوانە، زۆر گرنگە یەکەم یاریمان لە چامپیۆنزلیگدا لەم یاریگا گەورەیەدا بەرامبەر تیپێکی گەورە بێت، بەڵام کۆنتڕۆڵکردنی تۆپ زۆر گرنگە ئەگەر بمانەوێت سەرکەوتن بەدەستبهێنین، چونکە پاریس سانجێرمان تیپێکی زۆر تەکنیکییە، دەبێت لە تاکتیکەکان زیاتر بڕوانین کاتێک تۆپەکە وەردەگرین، نابێت هیچ رووبەرێک  بەجێبهێڵین، ئەگەرنا پاریس سانجێرمان بەهێزتر دەبێت".
 
سەبارەت بە پۆل پۆگبای ئەستێرەی یانەکەیشی، کە نەشتەرگەری بۆ کراوە، ئالێگری، گوتی "نەخێر نەمگوتووە پۆڵ پۆگبا بەشداری مۆندیال ناکات، ئەوەی گوتمە ئەو هەواڵەییە کە ئەم بەیانییە زانیمان، ئەویش ئەوەیە کە بڕیاردرا نەشتەرگەری بۆ بکرێت، پێموایە پێش مۆندیال دێتەوە لای ئێمە، هیوادارم ئەوە رووبدات، بەڵام 50 رۆژ ماوە بۆ دەستپێکردنی مۆندیال، بۆیە بە بۆچوونی من لە مانگی یەکدا ئەوە دەبینین، ئەگەر لە مۆندیال یاری نەکات ئەوە کێشەی من نییە، ئەگەر پێشتر چاک نەبێتەوە ئەوا لە سێزدەی مانگی یەکدا دەیبینینەوە".