ڤیدیۆ؛ لە رێوڕەسمێکی سەرسوڕهێنەردا مارسێلۆ ناسێنرا

06-09-2022
ئیحسان تاهیر
Photo by Angelos Tzortzinis / AFP
Photo by Angelos Tzortzinis / AFP
نیشانەکردن مارسێلۆ ئۆڵیمپیاکۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لە رێوڕەسمێکی سەرسوڕهێنەردا، یانەی ئۆڵیمپیاکۆسی یۆنانی، لە یاریگای جۆرجیۆس کارایسکاکیس لە شاری پیرایۆس، بە ئامادەبوونی 20 هەزار کەس، یاریزانی نوێی، مارسێلۆی ئەستێرەی بەرازیلی پێشکەشی میدیاکان و هاندەرانی کرد.
 
هاندەران ناوی ئەو یاریزانەیان بەرزکردەوە و یارییە ئاگرینەکانیان بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ئەو بەرگریکارە بەناوبانگە بەرازیلییە بەرزکردەوە، کە دوای تەواوبوونی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رووی لە یانە یۆنانییەکە کرد.
 
مارسێلۆ بە یاوەری هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی، رۆژی دووشەممە بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەسینا و لە فڕۆکەخانەوە کریستیان کارێمبۆی بەڕێوەبەری وەرزشی یانەکە پێشوازی لێکرد.
 
مارسێلۆ بە پۆشینی درێسی ژمارە 12 هاتە نێو یاریگا، ئەو ژمارەیەی کە 16 وەرز لە یانەی ریال مەدرید لەبەری کردبوو، ئینجا خۆی و کوڕەکانی لەنێو چەپڵەڕێزانی جەماوەردا دەستییان بە سەماکردن کرد.
 
ئەو یاریزانە رۆژی شەممە رێکارەکانی گواستنەوەکەی تەواوکرد، وردەکاریی گرێبەستەکەی ئاشکرا نەکراوە، بەڵام میدیاکانی یۆنان بڵاویانکردەوە، ماوەی گرێبەستەکە بۆ ماوەی ساڵێکە، لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ ساڵێکی دیکە.
 
بەرگریکاری چەپی بەرازیلی، تەمەن 34 ساڵ، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2018 بە درێسی هەڵبژاردەی بەرازیلەوە 58 یاری کردووە، لەنێویاندا بەشداری لە مۆندیالەکانی 2014 و 2018 کردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە