بەهۆی قەیرانی داراییەوە یانەی نەورۆز لە خولی عێراق دەکشێتەوە
یانەی نەورۆز رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی دارایی بووەتەوە، لە 24 کاژێری داهاتوودا، چارەنووسی یانەکە یەکلایی دەبێتەوە، داخۆ بەشداریی خولی نایابی عێراق دەکات، یاخود دەکشێتەوە؟
وەلی کەریم راهێنەری یانەی نەورۆز، بە کەمتر لە مانگێک بەر لە وادەی دەستپێکردنی خولی نایابی عێراق، دەستی لە پۆستی راهێنەری یانەی نەورۆز کشاندەوە.
دوای ململانێکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یانەی نەورۆز رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووەتەوە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یانەکە بەهۆی قەیرانی دارایی لە لێواری هەڵوەشاندنەوەدایە.
وەلی کەریم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زۆر چاوەڕێم کرد، بەڵام یانەکە هیچ پلانێکی روونی نەبوو بۆ بەشداریکردن لە خولی نایابی عێراق و بەشی هەرە زۆری یاریزانەکان یانەکەیان جێهێشتووە و تەنیا من و چەند کەسێک مابووینەوە لە یانەکە، بۆیە بڕیارمدا دەست لەکاربکێشمەوە".
سەبارەت بەو قەیرانە داراییەی تووشی یانەکە بووە، وەلی کەریم گوتی: "بەرپرسانی ئیداریی یانەکە هەوڵی زۆریاندا سەرچاوەی داهات بۆ یانەکە پەیدا بکەن، هەوڵیاندا سپۆنسەر بۆ یانەکە بدۆزنەوە، بەڵام هەوڵەکانیان ئەنجامی نەبوو، بۆیە بەبێ بوونی پاڵپشتییەکی ماددی باش، ناتوانین بەشداری خولی نایابی عێراق بکەین".
وەلی باس لەو هۆکارانەش دەکات کە پاڵنەری بڕیارەکەی بوون و گوتی: "ناتوانم گرەنتی مووچە و گرێبەستی یاریزانە پیشەگەرەکان بکەم، بەبێ پارە هیچمان پێناکرێت، منیش ناتوانم ئەو ریسکە بەنێوبانگی خۆمەوە بکەم کە لەیانەیەک بمێنمەوە کە توانای دارایی نەبێت و نەتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانی پیشەگەر واژۆ بکات، بۆیە بەناچاری بڕیارمدا دەست لە پۆستی راهێنەریی یانەی نەورۆز بکشێنمەوە".
سەبارەت بە وەرگرتنی ماف و شایستە داراییەکانی راهێنەرەکە گوتی: "سوپاسی دەستەی کارگێڕی یانەکە دەکەم، چونکە هەموو شایستە داراییەکانی خۆم وەرگرتووە و هیچ بڕەپارەیەکم لای یانەکە نەماوە و هەموو مافێکی خۆم لە یانەکە وەرگرتووە".
لە کۆتایی قسەکانیدا وەلی ئاشکرایکرد: "ئێستا پەیوەندیم بە هیچ یانەیەکەوە نییە و هیچ یانەیەکیش داوای لێنەکردووم کاریان لەگەڵ بکەم، بەڵام ئەگەر هات و یانەک خاوەنی تمووحی گەورەبێت لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لاریم نییە کاری لەگەڵ بکەم.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی نزیک لە جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێرش هەورامی دڵنیایی داوە بە یاریزانانی یانەکە کە بە هەر شێوەیەک بێت، یانەکە ئامادە نییە لە خولی نایابی عێراق پاشکێکشێ بکات و لە کاژێرەکانی داهاتوودا بڕیاری کۆتایی سەبارەت بە چارەنووسی یانەکە دەدرێت".
لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی یانەی نەورۆزە، یانەکە دوای سەرکەوتنی بۆ خولی نایابی کوردستان و قوڵبوونەوەی کێشەکانی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کێشەی داراییان بۆ دروست بووە و سەرچاوەیەکی بەهێزی پاڵپشتی داراییان نییە. یانەکە بۆ ئەوەی بتوانێت لەخولی عێراق بەشدار بێت، لانیکەم پێویستی بە دوو ملیار دینار هەیە بۆ واژۆکردنی گرێبەست و مووچەی یاریزانان.
یانەی نەورۆز بۆ یەکەمجار لە مێژووی دروستبوونیدا بۆ خولی نایابی عێراق سەرکەوت، بەڵام بە چەشنی یانەی سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێشبینی دەکرێت لە خولی نایابی عێراق بکشێتەوە، یان لانیکەم بە یاریزانەکانی کوردستان بەشداری بکات.