یانەی ئیستقلال گرێبەستی یاریزانە کوردەکەی نوێکردەوە

06-09-2020
ناسر پیرۆتی
نیشانەکردن وریا غەفووری یانەی ئیستقلال
A+ A-

رووداو دیجیتال

وریا غەفووری، کاپتن و ئەستێرەی کوردی یانەی ئیستقلالی تاران، بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە درێژکردەوە.

یانەی ئیستقلال رایگەیاند، گرێبەستیان لەگەڵ کاپتنی یانەکە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکردووەتەوە. 

لە راگەیێندراوی یانەکەدا هاتووە، ئەو رووداوە باشانەی کە بەڕێوەبەری گشتیی یانەی ئیستقلال بەڵێنی دابوو، بە درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستی وریا غەفووری دەستیانپێکرد، بەڵام ئاماژە بە وردەکاری گرێبەستەکە نەدراوە.

غەفووری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ساڵی 1987 لە سنە لەدایکبووە و لە ساڵی 2016ـەوە بۆ یانەی ئیستقلال یاری دەکات و چەندین ساڵە ایری بۆ هەڵبژاردەی نیشتیمانی ئێران دەکات.

ساڵی رابردوو لە راپرسییەکی گەورەدا، لەلایەن هاندەرانی تۆپی پێوە، ئەو یاریزانە کوردە وەک باشترین یاریزانی تۆپی پێی ئێران دەستنیشانکرا.

وریا غەفووری، یاریزانێکی زۆر خۆشەویستە لای جەماوەری تۆپی پێی ئێران بەگشتی و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، بەهۆی ئەوەی هەمیشە هەڵوێستی نەتەوەیی مەردانە دەنوێنێت.

وریا غەفووری، لە مانگی شوباتی رابردوودا لەگەڵ یانەکەی هاتە هەولێر بۆ ئەوەی لە لە چوارچێوەی یارییەکانی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا بەرامبەر یانەی شورتەی عێراقی یاری بکات و لە کاتی قسەکردن بۆ تۆڕی میدیایی رووداودا، بەر لە هەموو شتێک گوتی "داوا لە هاندەرانی کورد دەکەم بێنە یاریگە، پاڵپشتیمان بکەن و بەتەنیا بەجێمان نەهێڵن".

وریا ئەوکات گوتیشی "ئەمە جاری یەکەمە دێمە هەولێر، چاودێری بارودۆخەکە دەکەم، ئەگەر بزانم دەرفەتی کار هەیە لە داهاتوودا بیر لە کارکردن لێرە دەکەمەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە