پایسکلسواری فەرەنسا ملیۆنان یۆرۆ زیانی بە دۆسلدۆرف گەیاند

رووداو- هەولێر

شاری دۆسلدۆرف کە دەکەوێتە رۆژئاوایی ئەڵمانیا بڕی هەشت ملیۆن یۆرۆ زیانی بەرکەوت بەهۆی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی پایسکلسواری فەرەنسا.

تۆماس گایێل پارێزگاری شاری دۆسلدۆرف رایگەیاند، بەهۆی بەڕێوەچوونی گەڕی دەستپێک و دووەمی پاڵەوانێتییەکە کە لە مانگی حەوتی رابردوو لە دۆسلدۆرف بەڕێوەچوو، خەرجییەکانی سەریان زۆر زیادی کرد، بەهۆی ئامادەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کە روویان لەشارەکە کردبوو بۆ بینی رکابەرییەکانی پایسکلسوارییەکە.

تۆماس ئاشکرایکرد، ئەوان نزیکەی 8 ملیۆن یۆرۆیان بۆ خەرجییەکانی هەردوو گەڕی یەکەم و دووەمی پاڵەوانێتییەکە ئامادەکردبوو، بەڵام خەرجییەکان گەیشتنە نزیکەی 16 ملیۆن یۆرۆ، زۆربەی خەرجییەکانیش بۆ پاراستنی ئامادەبووان و پایسکلسواران بوون لە ڕووی ئاسایشەوە.

پارێزگاری دۆسلدۆرف روونیکردەوە، هەرچەندە لە رووی مادییەوە زیانمان بەرکەوت، بەڵام ناوبانگی شارەکەیان زیادی کرد و توانیان میواندارییەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەن.