بارسێلۆنا بەگواستنەوەی ئۆلمۆ هاندەرانی دڵخۆش دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دانی ئۆلمۆ گواستنەوەی یاریزانان بارسێلۆنا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا کارەکانی گواستنەوەی دانی ئۆلمۆ، یاریزانی ئیسپانی و یانەی لایپزیگی ئەڵمانی گەیاندە قۆناخی کۆتایی و تەنیا راگەیاندنی فەرمی گرێبەستەکەی ماوە.
 
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی بارسێلۆنا، لە شەوی دووشەممەوە چووەتە ئەڵمانیا، ئەمڕۆ لەگەڵ دانی ئۆلمۆ و بەڕێوەبەری کارەکانی بەیەکەوە دەرکەوتن و دوای ئەوەش رێککەوتنی هەردوولا لەلایەن راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانەوە ئاشکرا کرا.
 
بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە، دانی ئۆلمۆ، بەرامبەر 55 ملیۆن یۆرۆ و 7 ملیۆن یۆرۆ وەکو گۆڕانکاری، تاوەکو هاوینی ساڵی 2030 پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە دەکات و دەبێتە یەکەم گرێبەستی یانەی بارسێلۆنا لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا.
 
سیل شیفەر، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی لایپزیگ دەڵێت "دانی ئۆلمۆ بۆ ئێمە یاریزانێکی گرنگ و بەهادارە، ئامادەین گفتوگۆ بکەین، بەڵام دەبێت ئەو نرخەی پێیدەدرێت شایستەی گرنگی ئەو بێت."
 
دوای پەیوەندیکردنی دانی ئۆلمۆ، بە یانەی بارسێلۆنا، یانەی لایپزیگ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رەیان شەرقی، یاریزانی فەرەنسی چڕدەکاتەوە بۆ ئەوەی شوێنی ئەو یاریزانە لە یانە ئەڵمانییەکەدا بگرێتەوە.
 
دانی ئۆلمۆ، تەمەنی 26 ساڵە و پێشتر لە تیپی لاوانی یانەی بارسێلۆنا یارییکردووە، کاروانی پیشەگەریی ئەو لە ساڵی 2015 لە یانەی دینامۆ زەگریبی کرواتی دەستیپێکرد، دوای ئەوە لە 2020 پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی لایپزیگی ئەڵمانییەوە کرد.
 
ئۆلمۆ لە ریزەکانی لایپزیگ بەشێوەیەکی گشتی 309 یارییکردووە، 67 گۆڵی تۆمارکردووە و 63 گۆڵیشی دروستکردووە.
 
یانەی بارسێلۆنا چەند مانگێک لەمەوبەر، گرێبەستی لەگەڵ هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی واژۆکردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات، گواستنەوەی ئەم یاریزانەش هیوا بۆ هاندەرانی یانەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا بارسێلۆنا جیاوازییەک ببینرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە