مشتومڕی راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا سەرهەڵدەداتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییە ئینگلیزییەکان ئاشکرایانکردووە، مشتومڕی دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێ بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، پاش نزیکەی مانگێک لە دەستلەکارکێشانەوەی گاریس ساوسگەیت لە مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا.
 
ساوسگەیت، کە لە 2016 مەشقدانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرای وەرگرت، چەند رۆژێک پاش شکستی هەڵبژاردەکەی لە بردنەوەی نازناوی یۆرۆی 2024، پاشئەوەی لە یاریی کۆتاییدا بەئیسپانیا دۆڕا، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە مەشقدانی هەڵبژاردەکە راگەیاند.
 
رۆیشتنی ساوسگەیت لە مەشقدانی ئینگلتەرا، بڕیارێکی پێشبینیکراو بوو، بەتایبەت کە ئەو راهێنەرە پێش دەستپێکردنی رکابەرییەکانی یۆرۆ رایگەیاند ئەگەر نازناوی یۆرۆ نەباتەوە، دەستلەمەشقدانی هەڵبژاردەکە دەکێشێتەوە.
 
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا لە مشتومڕی دەستنیشانکردنی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەکە بەردەوامن و ئێستا بۆچوونی زاڵ لەنێویاندا، پەنابردنە بەر راهێنەرێکی بیانییە بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکە.
 
پێشتر لە مێژوودا تەنیا دووجار روویداوە راهێنەرانی نا ئینگلیز، سەرپەرشتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بکەن، ئەوانیش هەریەکە لە سڤین گۆران ئیرێکسنی سوێدی و فابیۆ کاپێلۆی ئیتاڵی بوون کە لە دوو ماوەی جیاوازدا سەرپەرشتی هەڵبژاردەی ئینگلتەرایانکرد، بەڵام هیچکامیان نەیانتوانی لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناو ببەنەوە.
 
ساوسگەیت لە ماوەی کارکردنیدا لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، دووجار هەڵبژاردەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی یۆرۆ، بەڵام نەیتوانی نازناوەکە بباتەوە.
 
رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا بەسەرپەرشتی مارک بۆلینگهام، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە خۆیان بەئاراستەی دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی بیانی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەکە یەکلاکردووەتەوە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بۆلینگهام لەگەڵ ئەندامانی فیدراسیۆنەکەدا قسەیکردووە و پشتگیری ئەوانی بەدەستهێناوە بۆ دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی بیانی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەکە.
 
بەپێی ئەوەی رۆژنامەکە رایگەیاندووە، بێئومێدبوونی بەرپرسانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا، لە دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی ئینگلیزی بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردەکە، وایکردووە بڕیاری خۆیان بەئاراستەی دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی بیانیدا بگۆڕن.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، بۆلینگهام بەبێ دەنگدان، توانیویەتی نۆ ئەندامەکەی فیدراسیۆنەکە رازی بکات بەوەی بڕیار لە هێنانی راهێنەرێکی بیانی بدەن، پشتی بەسەرکەوتنی سارینا ویگمانی راهێنەری ئەڵمانیی بەستووە، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئینگلتەرا نازناوی یۆرۆی 2024ی ئافرەتانی بەدەستهێنا.
 
هەرچەندە پێشتر میدیای ئینگلتەرا ئاماژەیان بەبەربژێربوونی هەریەکە لە ئێدی هاوی راهێنەری نیوکاسڵ و گراهام پۆتەری راهێنەری پێشووی چێڵسی دابوو، بەڵام ئاراستە نوێیەکەی بیرکردنەوەی فیدراسیۆنەکە، ئەو ئەگەرانە دووردەخاتەوە.
 
وەک سەرچاوەکان گوتوویانە، هەریەکە لە تۆماس توخێل، راهێنەری پێشووی بایرن میونشنی ئەڵمانی و ماوریسیۆ پۆچەتینیۆی راهێنەری پێشووی چێڵسی، بەربژێرانی سەرەکین بۆ شوێنگرتنەوەی ساوسگەیت.
 
میدیاکان دەڵێن، بەشێکی کێشەکە پەیوەندی بەداواکاریی و بەرزیی مووچەی ئەو راهێنەرانەوە هەیە، کە ئەگەر هەیە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئینگلتەرا نەتوانێت دابینیان بکات.