رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێکی کورد لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا یاری بۆ ئازەربایجان دەکات و ئەمڕۆ دەیەوێت میدالیای برۆنزی یارییەکەی بباتەوە.
سەباح شەریعەتی، ئەو یاریزانە کوردەیە کە لە یاریی زۆرانبازیدا بەناوی ئازەربایجانەوە بەشداریی لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا کردووە و ئەمڕۆ دەیەوێت پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی رکابەرییەکە بەدەستبهێنێت.
شەریعەتی لە کێشی 130 کیلۆگرامیدا بەشداریی لە رکابەرییەکانی ئەو یارییەدا کردووە، لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر میژاین لۆپێزی یاریزانی کۆبا دۆڕا.
ئەمشەو کاژێر 20:18 خولەک سەباح شەریعەتی بەرامبەر ئارمین میرزازادەی ئێرانی یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی پلەی سێیەم و بردنەوەی میدالیای برۆزی یارییەکە.
سەباح شەریعەتی، تەمەنی 35 ساڵە و لە دایکبووی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، یاریزانەکە لە ئۆڵیمپیادی ریۆی 2016 لە بەرازیل پلەی دووەمی لە کێشی 130 کیلۆگرامدا بەدەستهێنابوو و میدالیای زیوی بردبووەوە.
لە پاڵەوانێتیی ئەورووپادا یاریزانە کوردەکە دووجار بەشدارییکردووە، لە 2015 لە باکو میدالیای زیوی بردەوە و لە 2019 لە مینسکی بێلارووس پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا.
ئازەربایجان تاوەکو ئێستا لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریسدا تەنیا 2 میدالیای بەدەستهێناوە، هەردوو میدالیاکەشی زێڕن و یاریزانە کوردەکە دەیەوێت وڵاتەکە بکاتە خاوەنی سێیەم میدالیای ئۆڵیمپیاد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ