جواو نیڤێز.. بەهرەمەندێک کە سانجێرمان داهاتووی خۆی لەسەر بونیاد دەنێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، گرێبەستکردنی لەگەڵ جواو نیڤێزی پۆرتوگالی راگەیاند، کە بەیەکێک لە بەهرەمەندترین یاریزانە دەرکەوتووەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
 
نیڤێز، تەمەنی تەنیا 19 ساڵە، لە یانەی بێنفیکا یارییکردووە، بووە چوارەم گرانترین گرێبەستی مێژووی یانە فەرەنسییەکە.
 
بەپێی ماڵپەری 'ترانسفێر مارکت'ی تایبەت بەبەهای یاریزانان، نێڤێز بەبڕی 70 ملیۆن یۆرۆ لە پۆرتوگالەوە روویکردووەتە سانجێرمان، 60 ملیۆنی کاش تێچووی گواستنەوەکەیە، لەگەڵ دە ملیۆن گۆڕانکاری.
 
گرانترینەکانی سانجێرمان
 
پاریس سانجێرمان، لەدوای بوونی بەموڵکی وەبەرهێنە قەتەرییەکان، یەکێکە لەو یانانەی پارەی زۆر خەرجدەکات و ئەو یانەیە هەرزوو ژمارەی پێوانەیی لە کڕینی یاریزاناندا تۆمارکرد.
 
نیڤێز چوارەم گرانترین یاریزانی مێژووی یانەکەیە، پاش هەریەکە لە نەیمار داسێلڤا، کە لە بارسێلۆناوە بەبڕی 222 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بەسانجێرمانەوە کرد. هەروەها کیلیان ئێمباپێ کە بە 180 ملیۆن یۆرۆ لە مۆناکۆوە روویکردە هەمان یانە و پاشانیش رانداڵ کۆڵۆ موانێ کە لە ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانییەوە بەرامبەر 95 ملیۆن یۆرۆ، روویکردە سانجێرمان.
 
جواو نیڤێز، ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵچنراوە و ئێستا چوارەم گرانترین یاریزانی مێژووی سانجێرمانە. ئەو یاریزانە لە یۆرۆی 2024 بەباشی دەرکەوت، پاش وەرزێکی باش لەگەڵ بێنفیکا.
 
نیڤێز لە وەرزی 2022 - 2023ەوە یاریی بۆ بێنفیکا دەکات و 75 یاریی ئەنجامداوە و چوار گۆڵی تۆمارکردووە، لەگەڵ دوو ئەسیستدا.
 
یاریزانێکی بچووک، خەونێکی گەورە
 
جواو نیڤێز کاتێک وەک یاریزانی پاریس سانجێرمان ناسێنرا، دڵخۆشییەکی زۆری بە رووداوەکە دەربڕی، ئەو لە یەکەم چاوپێکەوتندا خەونە گەورەکانی خۆی خستە روو.
 
نێڤێز گوتی، "هەست بەدڵەڕاوکە دەکەم، بەڵام دڵخۆشم، هیوادارم رەزامەندی یانەکە و هاندەرەکانی بەدەستبهێنم، ئەمە بەشێکی دیکەیە لە ژیانم، بەهاوکاریی هاوڕێکانم و ماڵباتەکەم رووبەڕوویان دەبمەوە، هیوادارم باش بم".
 
ئەو لەبارەی ستراتیجی سانجێرمانەوە دەڵێ، "پڕۆژەیەکی ناوازە لە یانەکە هەیە، ئەمە تیپێکی گەنجی خاوەن ئامانجی گەورەیە، پێموایە بیرکردنەوە بەو شێوازەی ئێستا، یانەکە بەهێزتر دەکات بەپشتبەستن بە یاریزانانی لاو".
 
نیڤێر روونیدەکاتەوە کە پێش رووکردنە سانجێرمان، قسەی لەگەڵ ئانخێل دیماریا کردووە، دەڵێ ئەو زۆر شتی لەبارەی یانەکەوە پێگوتم، ئەو گوتی هەموو شت لەوێ باش دەبێت و دڵخۆش دەبم.
 
ئینریکێ وەک پاڵنەر
 
یاریزانە نوێیەکەی سانجێرمان، باسی لەوە کردووە کە لویس ئینریکێی راهێنەر، رۆڵی گەورە و یەکلاکەرەوەی هەبووە لە چوونی بۆ یانەکە، ئەو دەڵێ، "فەلسەفەی ئینریکێ ئەو شتەیە کە من بەشوێنیدا دەگەڕێم و هەر ئەوەش هۆکاری هەڵبژاردنی پاریس بوو بۆم. پێکەوە قسەمانکرد و چێژم لە قسەکردن لەگەڵی وەرگرت، ئەو کەسێکی زۆر باشە و دڵخۆشم کە لەگەڵیدا کاردەکەم، پێموایە ئەو چاوەڕێیە من دەستبەکاربم لەگەڵیدا و منیش بەدڵنیاییەوە بێئومێدی ناکەم".
 
لەبارەی خۆیەوە، ئەو یاریزانە 19 ساڵانە دەڵێ، "من یاریزانێکی بچووکم لە تەمەندا، بەڵام خۆم بەپێگەیشتوو دەبینم، حەزم لە تۆپی پێ و پاساتی کورت و خێرایە، کە پشت بەبیرۆکەی نوێ دەبەستێت، پێموایە ئەوە ئەو شێوازی یاریکردنەیە کە پاریس بەشوێنیدا دەگەڕێت".
 
نیڤێز، ئامانجی داهاتووی خۆی دیارییکردووە، دەڵێ، "دەمەوێت ئەم بەشەی ژیانم بقۆزمەوە تاوەکو ببمە یاریزانێکی زۆر باشتر و وەک یاریزان گەشە بکەم، ئەمە پڕۆژەیەکە جیاوازییەکەی لە یاریگەدا دەردەکەوێت".
 
تیپە گەنجەکە بەردەوام دەبێت
 
ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لەدوای لەدەستدانی کیلیان ئێمباپێ لە هاوینی ئەمساڵدا، دەستیکردووە بەستراتیژی نوێی تیپەکەی کە پشت بەیاریزانانی لاو دەبەستێت.
 
خلێفی ئەگەرچی بەئاسانی ناتوانێ وەک یاریزانی تاک، ئەستێرەیەکی هاوتای ئێمباپێ لە دونیای ئێستای تۆپی پێدا بدۆزێتەوە تاوەکو بیهێنێتە یانەکەی، بەڵام هەوڵدەدات پشت بەیاریزانە لاوەکان ببەستێت.
 
خلێفی لە گوتاری بەخێرهێنانی نیڤێزدا گوتی، "ئەو دەبێتە بەشێک لە خێزانەکەی سانجێرمان. جواو یەکێکە بەهرەمەندترین یاریزانەکانی پۆرتوگال و جیهان. بەتینوویەتییەکی زۆرەوە هاتووەتە سانجێرمان و سوورە لەسەر جەنگان لەپێناو درێسی یانەکە، هەموومان هەمان شتی لێ چاوەڕوان دەکەین".
 
خلێفی، ستراتیجی یانەکەی بەمشێوەیە رووندەکاتەوە، "بەردەوام دەبین لە دروستکردنی تیپێکی گەنجی ناوازە لەیانەکەمان، کە پشت بەکاری بەکۆمەڵ، بەهرە و رۆحی بەکۆمەڵ دەبەستێت. ئەمە داهاتوویەکی مەزن بۆ یانەکەمان دروستدەکات".
 
جێگەی شانازیی مامۆستاکەی
 
بەپێی ماڵپەری 'فوتبۆڵ بایۆگرافی'، نیڤێز لە منداڵیدا پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ مۆزیکدا هەبووە. کاتێک منداڵبووە چووەتە قوتابخانەی بایۆ پیرێز کۆریا، کاتێک لەوێبووە، لە ساڵانی پێنجەم و شەشەمی خوێندنیدا لای پڕۆفیسۆر دۆمینیگۆس رامالهۆ مۆزیکی خوێندووە و عاشقی مۆزیک بووە.
 
پەیوەندی نیڤێز بەتۆپی پێوە و تێکەڵبوون بەمۆزیک وایکردووە، رامالهۆی مامۆستا، ئەگەرچی خۆی هەواداری تۆپی پێ نەبووە، بەڵام حەز بەو دونیایە بکات و سەرنجی رابکێشێت. ئەو گوتوویەتی، نیڤێز وای لێکردم تەماشای تۆپی پێ بکەم و کاتێک ئەوم لە یاریگەدا دەبینی، شانازیم پێوە دەکرد.
 
داهاتوو لە کوێ دەبێت؟
 
سانجێرمان، دوای ساڵانێکی بەرچاو لە شكستی گەیشتن بەخەونی بەدەستهێنانی چامپیۆنزلیگ، جارێکی دیکە لەگەڵ ئومێدی نوێدا تێهەڵدەچێتەوە، ئومێدێک کە پشت بەراهێنەرێکی لێهاتووی وەک لویس ئینریکێ دەبەستێت کە ئەزمووندار و لێهاتووە. لەگەڵ پشتبەستن بەستراتیجی کۆکردنەوەی بەهرەمەندە لاوەکان کە دەکرێ خەونی گەورەی ئەوان، لەگەڵ خەونە گەورەکەی سانجێرماندا یەکبگرێتەوە و لە کۆتاییدا تیپەکە بگەیەنێتە سەر سەکۆی نازناوە کیشوەرییەکە.
 
بەرلەهاتنی نیڤێز، سانجێرمان چەندین یاریزانی دیکەی لاوی لە پێکهاتەکەیدا کۆکردووەتەوە، لە نێویاندا کان ئینگ لی تەمەن 23 ساڵ، گۆنچالۆ رامۆسی 23 ساڵ، برادلی بارکۆلای 21 ساڵ و وارین زاییر ئێمری 18 ساڵان کە دەتوانن بۆ داهاتووی نزیک، خزمەتی گەورە بە پلانەکانی یانەکە بکەن.