ڤیدیۆ؛ هێرش کرایە سەر ڤێلاکەی مێسی لە ئیسپانیا

رووداو دیجیتاڵ


ڤێلاکەی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە ئیسپانیا، لەلایەن چەند چالاکڤانێکی ژینگەپارێزەوە هێرشی دەکرێتە سەر و دەشێوێنرێت.
 
گرووپی فوتۆرۆ ڤێجیتیالی ئیسپانی، کە رێکخراوێکی بواری ژینگەپارێزین، هێرشیان کردە سەر ڤێلاکەی ئەفسانەی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، لیۆ مێسی لە دۆرگەی ئیبیزا و زیانێکی زۆریان پێگەیاند.
 
بەهای ئەو ڤێلایەی لیۆ مێسی 11 ملیۆن یۆرۆیە، ساڵی 2022 کڕیویەتی و هەمیشە لەوێ پشووی هاوین بەسەردەبات، ئەو لە هاویندا بەخۆی و خێزانەکەی و هەندێجار هاوڕێکانیشی دەگەڕێنەوە ئەو دوورگەیە و لەو ماڵەدا پشووەکەیان بەسەردەبەن.
 
ئەو گرووپە ئەم هەڵمەتەیان لە ماڵی مێسییەوە دەستپێکردووە، کە جۆرێکە لە رەخنە لە "بەرپرسیارێتی دەوڵەمەندەکان" لە قەیرانی کەشوهەوا، چونکە ئەوان پێیانوایە دەوڵەمەندەکان هۆکارێکی سەرەکی پیسکردنی ژینگەن.
 
چالاکڤانانی گرووپی فوتۆرۆ ڤێجیتاڵ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رووداوەکەیان بەڵگە کردووە کە تێیدا دەردەکەون لەبەردەم ڤێلاکە لە نزیک کالا تاریدە وەستاون و بانەرێکیان بەدەستەوەیە کە داوای "یارمەتیدانی هەسارەکە" دەکەن بە نەهێشتنی جیاوازی کۆمەڵایەتی.
 
گرووپەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانج لە کارەکە تیشک خستنە سەر بەرپرسیارێتی دەوڵەمەندەکانە لە گەورەکردنی قەیرانەکەدا، جەختیشیان لەوە کردووەتەوە کە ڤێلاکە نایاساییە.
 
گرووپی فوتورۆ ڤێجیتاڵ ئاماژەیان بە راپۆرتی ئۆکسفام لە ساڵی 2023 کردووە، کە دەریخستووە دەوڵەمەندترین 1%ـی دانیشتووانی جیهان دەبنە هۆی دەردانی کاربۆن، کە هاوتایە لەگەڵ ئەو کاربۆنەی لەلایەن هەژارترین دوو لەسەر سێی مرۆڤایەتییەوە بەرهەمی دەهێنرێت.
 
بەپێی هەواڵی میدیاکان، ئەو ڤێلایەی لیۆنێل مێسی خاوەندارێتی دەکات، بەهۆی دروستکردنی ژووری زیادەوە بەبێ مۆڵەت یاسایی نییە و مۆڵەتی نییە تێیدا نیشتەجێ ببن.
 
فوتورۆ ڤێجیتال، کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا پەیوەندی بە زۆر لە گرووپە هاوشێوەکانی خۆیەوە هەیە، دەیان ناڕەزایەتی هاوشێوەی رێکخستووە، لەنێویاندا ئەو ناڕەزایەتییە بوو کە لە ساڵی 2022 تابلۆکانی هونەرمەندی ئیسپانی فرانسیسکۆ دی گۆیایان لە مۆزەخانەی بەنێوبانگی پرادۆی مەدرید شێواند.
 
پۆلیسی ئیسپانیا لە مانگی یەکی ئەمساڵدا رایگەیاندبوو، 22 ئەندامی گرووپی فوتۆرۆ ڤێجیتاڵیان دەست بەسەر کردووە، لەنێویاندا ئەو دوو کەسەی کە خۆپیشاندانەکەیان لە پرادۆ رێکخستبوو، هەروەها سێ سەرکردەی سەرەکی گرووپەکەش.