ڤیدیۆ؛ ئەو گەنجەی ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و میدالیای زێڕی بردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رکابەرییەکانی گۆڕەپان و مەیداندا، لە ئۆڵیمپیادی پاریس، یاریزانێکی سوێدی ریکۆردێکی مێژوویی تۆمارکرد و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
لە یارییەکانی خۆهەڵدان بە دار، ئارماند دوپلانتیس، یاریزانی سوێدی، سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راکێشا، کاتێک توانیی ریکۆردێکی پێشووی خۆی بشکێنێت و پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی رکابەرییەکە بباتەوە.
 
ئارماند لە رکابەرییەکەدا دوای سێ هەوڵ توانیی 6.25 مەتر بەرزی ببڕێت، بەمەش ریکۆردی پێشووی خۆی کە 6.24 مەتر بوو شکاند و پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 
یاریزانە سوێدییەکە بەبردنەوەی ئەم میدالیایە، پارێزگاریی لە میدالیای زێڕی رکابەرییەکە کرد، کە لە ئۆڵیمپیادی رابردووی تۆکیۆدا بەدەستیهێنابوو.
 
سام کیندەرێکسی ئەمریکی پلەی دووەم و میدالیای زیوی بردەوە و ئیمانوێلی کارالێسی یۆنانیش پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا.

 
ئارماند گوستاڤ دوپلانتیس تەمەنی 24 ساڵە، لەگەڵ ئەوەی تەمەنی بچووکە بەڵام ئەنجامی زۆر گەورەی لە کاروانی یارییکردنیدا بەدەستهێناوە.
 
لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی جیهاندا لە ساڵی 2022 میدالیای زێڕی بەدەستهێنا، لە بوداپێستی هەنگاریا لە 2023 میدالیای زێڕی بردەوە و لە 2019 لە دەوحەش پلەی دووە و میدالیای زیوی بەدەستهێناوە.
سوێد تاوەکو ئێستا لە رکابەرییەکانی ئۆڵیمپیاددا 8 میدالیای بەشێوەیەکی گشتی بەدەستهێناوە، بەڵام تەنیا 3 میدالیای زێڕە، 3 میدالیای زیو و 2 میدالیاشی برۆنزە.