ڤیدیۆ؛ گواردیۆلا گلەیی لە فیفا و یوفا هەیە

رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دووپات لەوە دەکاتەوە کە تا دێت خشتەی یارییەکان ئاڵۆزتر و زۆرتر دەبێت و یاریزانەکان ماندوو دەکرێن. گوتیشی "پاڵەوانێتییەکانی سەر بە فیفا و یوفا تا دێن زیاتر دەبن و گوشار لەسەر یاریزانەکان زیاتر دەبێت".
 
ئەمڕۆ کاژێر 18:00 بە کاتی باشووری کوردستان، مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ یاریی جامی قەڵخانی ئینگلتەرا لەسەر یاریگەی وێمبڵی ئەنجام دەدەن.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، پێپ گواردیۆلا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و لە بەشێکی قسەکانیدا گلەیی لە فیفا و یوفا کرد و گوتی "راستگۆیانە قسە بکەم،  پاڵەوانێتییەکانی سەر بە فیفا و یوفا تا دێن زیاتر دەبن. جامی جیهانی 2026 تیپی زیاتر بەشداری تێدا دەکەن. نازانم چەند تیپ بەشداری ئەم مۆندیالە دەکەن". 
 
ئەو زیاتر گوتی "جامی جیهانی یانەکان پاڵەوانێتییەکە لە رابردوودا تەنیا براوەی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا و براوەی جامی لیبرتادۆرێس بۆ یانەکانی ئەمریکای باشوور کۆدەکردەوە، کە تەنیا لە دوو تیپی براوە پێکهاتبوو. دواتر بوو بە هەشت تیپ و بۆ دوانزە تیپ زیاد دەبێت، و نازانم لە داهاتوودا چی روودەدات". 
 
راهێنەرە ئیسپانییەکە، زیاتر گوتی "ئەستەمە بۆ یاریزانەکان و تەنانەت راهێنەرەکانیش ئامادەکاری بۆ بکەن. هەر بۆیە دەتوانیت بە تەواوی بزانیت کە دەبێ داوای چی لە یاریزانەکان بکەیت". 
 
ئەو گوتیشی "لە هەمانکاتدا یاریزانەکان لە ژێر گوشارێکی زۆردان و سەختە بۆ یاریزانەکان مامەڵە لەگەڵ ئەو گوشارەدا بکەن. ئەوان زۆر حەز لە یاری تۆپی پێ دەکەن، بەڵام پێویستییان بە کات هەیە بۆ ئەوەی لە ماندووبوون و گوشارەکان چاکببنەوە، ئەوان لەبەردەم 60 هەزار یان 55 هەزار بینەر یاری دەکەن و وزەیەکی زۆری جەستەیی و دەروونی دەوێت و هەفتانە ئەو کارە دەکەن و تاوەکو کۆتایی بەردەوام دەبن، پێموایە ساڵانە خراپتر دەبێت. نازانم چۆن کۆتایی دێت، بەڕاستی نازانم".