ئەمڕۆ وەرزی نوێی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە جامی قەڵخان دەستپێدەکات

06-08-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جامی قەڵخانی ئینگلتەرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مانچێستەر سیتی و ئارسیناڵ وەرزی نوێی تۆپی پێی ئینگلیزی بە ئەنجامدانی یاریی جامی قەڵخانی ئینگلتەرا دەستپێدەکەن، کە بێگومان ئەو دوو یانەیەی لە وەرزی رابردوودا تاوەکو دواگەڕەکانی پرێمەرلیگ رکابەرییان لەسەر نازناوەکە کرد، بۆ ئەم وەرزە ئابدێتێکی پێکهاتەکەیان کردووە و ئەو راستییە دەزانن کە ئەوان ئەم وەرزەش رکابەر دەبن، بەڵام دەکرێ رکابەری دیکەشیان هەبێت.
 
یارییەکەی ئەمڕۆ لەسەر یاریگەی وێمبڵیی بەنێوبانگ لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، کە بە قسەی هەردوو راهێنەر نازناوێکی پڕ بایەخە و بردنەوەی سەرەتایەکی زۆر گرنگە بۆ وەرزێکی دوور و درێژی پڕ لە رکابەری.
 
جامی قەڵخانی ئینگلتەرا کە هەموو ساڵێک بەڕێوەدەچێت، تەنیا یارییەکە و سەرەتای کردنەوەی وەرزی تۆپی پێی ناوخۆیی ئینگلتەرایە. یارییەکە لە نێوان پاڵەوانی وەرزی پێشووی پرێمەرلیگ و براوەی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەڕێوەدەچێت. بەڵام لەبەرئەوەی مان سیتی وەرزی رابردوو هەردوو نازناوی خولی ئینگلیزی و جامی یەکێتیی ئینگلتەرای بەدەستهێناوە، یانەکەی پێپ گواردیۆلا لە وەشانی 101ـی قەڵخانی ئینگلتەرادا رووبەڕووی ئارسیناڵ دەبێتەوە، کە پلەی دووەمی پرێمەرلیگی 2022-2023ـی بەدەستهێناوە. 
 
مان سیتی دەیەوێ یەکەم هەنگاوی بەرنامەکاری ئەمساڵی، کە کارکردنە بۆ پارێزگاریکردن لە دەستکەوتە مێژووییەکانی وەرزی رابردووی، بە بردنەوەی ئەم جامە دەستپێبکات، کە وەرزی رابردوو لە پرێمەرلیگدا بەسەر گانەرزدا سەرکەوت و نازناوی خولی ئینگلیزی بەدەستهێنا. دواتر لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئینگلتەرادا بە ئەنجامی 2-1 لە مانچێستەر یونایتدی رکابەری شارەکەی بردەوە. پاشان نازناوە گەورە و ئامانجە گەورەکەی بەدەستهێنا دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا لە ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بردەوە و بووە خاوەنی سیانەی مێژوویی لە وەرزێکدا.
 
لە بەرامبەردا تیپەکەی میکێل ئارتێتا، کە ئەمساڵ بە چەند گرێبەستێکی نوێ تیپەکەی بەهێزتر کردووە، دەیەوێ هەر ئەمڕۆ بە مانچێستەر سیتی، ئینجا هەموو یانەکانی دیکەی پرێمەرلیگ بڵێت، من ئەم وەرزە بەهێزترم، کە بێگومان تەنیا بە بردنەوە لە سیتی دەتوانێت ئەو پەیامە بگەینێت.
 
مانچێستەر سیتی شەش جار جامی قەڵخانی بەدەستهێناوە لە ساڵانی 1937، 1968، 1972، 2012، 2018 و 2019. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین کە سیتی لە کاتێکدا رووبەڕووی گانەرز دەبێتەوە کە لە دوو ساڵی رابردوودا ئەم جامەی بە لێستەر سیتی و لیڤەرپوول دۆڕاندووە.
 
ئارسیناڵ کە خاوەنی مێژوویەکی گەورەترە لە مان سیتی، 16 نازناوی جامی قەڵخانی بەدەستهێناوە و لەگەڵ لیڤەرپوول هاوتایە کە دووەم سەرکەوتووترین تیپی پاڵەوانێتییەکەن و تەنیا مانچێستەر یونایتد بە 21 نازناو لەپێشیانە.
 
ئارسیناڵ دوایینجار لە ساڵی 2020 قەڵخانی ئینگلتەرای بەدەستهێنا، کاتێک بە لێدانی یەکلاکەرەوە 5-4 لە لیڤەرپوولی بردەوە و دەیەوێ ئەمساڵیش بیباتەوە، کە بێگومان ئەوە ئامانجی پێپ و سیتیشە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە