ڤیدیۆ؛ تانک گەیشتە پێشەنگی رالی فینلاند

رووداو دیجیتاڵ

 

ئۆت تاناک، شۆفێری ئیستۆنی، خۆی گەیاندە پێشەنگی ریزبەندیی گشتی رالی فینلاند.
 
تانک لە قۆناخی شەشەمی رالی فینلانددا، کە رۆژی هەینی بەڕێوەچوو، ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بە 6.2 چرکە لەپێش نزیکترین رکابەرەکەی، ئیسپیکا لاپی لوتکەی ریزبەندیی گرتووە.
 
شۆفێرە ئیستۆنییەکە، کە ئامانجی بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتی جیهانی رالییە لە فینلاند، پلەی یەکەمی لە قۆناخی دووەم و چوارەمیش بەدەستهێناوە و بەهۆیەوە هەر لە پێش لاپی پێشبڕکێکاری فینلاندی مایەوە.
 
ئێلڤین ئیڤانسی شۆفێری بەریتانی، پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، بەجیاوازی 11.1 چرکە لە ئۆت تانکی پێشەنگ.
 
لە کاتێکدا ئۆلیڤەر سۆلبێرگی شۆفێری نەرویجی بەناچاری لە پێشبڕکێیەکە کشایەوە، دوای ئەوەی لە قۆناخی دووەمدا تووشی رووداوێک بوو.