ڤیدیۆ؛ کچێکی رووسی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا میدالیایەکی زێڕ بۆ ئینگلتەرا دەباتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

تەمەنی تەنیا 17 ساڵە، لەمسەر بۆ ئەو سەری گۆڕەپانەکە، بەخۆی و شریتەکەی دەستییەوە دێت و دەچێت، بینەر نازانێت سەیری جووڵەکانی جەستەی بکات، یانیش ئەو شریتەی بەدەستییەوەیەتی و هەر خۆیشی مامەڵەی پێدەکات. 
 

مارفا ئیکیمۆڤا، ساڵی 2005 لەدایکبووە، لە لەندەن دەژی و یاری بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا دەکات، بە رەچەڵەک رووسییە و چوار سێ ساڵە بەبەردەوامی لەسەر سەکۆی نازناوەکان نایەتە خوارەوە. 

مارفا ئیکیمۆڤا بووە براوەی خەڵاتی زێڕ و پلەی یەکەمی یارییەکانی ئۆڵ ئەراوندی جومبازی ریتمی، کە توانی 112 خاڵ کۆبکاتەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا میدالیای زێڕ بۆ ئینگلتەرا دەستبەربکات لەم یارییەدا، لە خولی یارییە وەرزشییەکانی کۆمۆنوێڵس.
 
هەر لە بێرمینگهام، بەڵام بۆ هۆڵەکانی مەلەوانی، لە یارییەکانی خۆهەڵدانی دووانەدا، ماتیۆ لی و نووح ولیامس بوونە پاڵەوان و میدلیای زێڕیان بۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تۆمارکرا، دوای ئەوەی لە بەرزی 10 مەترەوە خۆیان هەڵدا و زۆرترین خاڵیان کۆکردەوە. 
 
لە یاریی کۆتایی ئافرەتانیشدا و لەسەر ئاستی تاک، لە بەرزی یەک مەتریی جووڵاوەوە، پلەی یەکەم و زێڕ بۆ وڵاتی کەنەدا چوو، دوای ئەوەی میا جولی دۆسیتڤالی بە 291.85 خاڵ بووە پاڵەوان. 
 
نۆرەی ململانێیەکانی گریکۆرۆمانە یانیش زۆرانبازیی رۆمانی، لە یارییەکانی کوڕان و لە کێشی 57 کیلۆدا، ئۆدونایۆ فۆلاسادیی نایجیری بووە پاڵەوان، دوای ئەوەی لە ئاندهو مالیکی هیندی بردەوە.
 
لەسەر ئاستی یارییەکانی کێشی 65 کیلۆشدا، باجرانگ پونیای هیندی دوای یارییەکی تاکلاینە لەگەڵ لاچلان ماکنیلی کەنەدی، توانی میدالیا زێڕەکەی لەچنگ دەربهێنێت.
 
لە کێشی 86 کیلۆگرامیشدا، شەڕەکە لەنێوان هیندستان و پاکستاندا بوو، دیپاک پونیای هیندی لە محەممەد ئینامی پاکستانی بردەوە و میدالیی ئاڵتوونەکەی لەملکرد.
 
لەسەر ئاستی کچانیش، لە کێشی 57 کیلۆدا نایجیریا میدالیای زێڕی دووەمی لە رکابەرییەکانی زۆرانبازیی گریکۆ رۆماندا بردەوە، لە فایناڵدا ئۆبرۆدودوی نایجیری لە لە مۆرایسی کەنەدی بردەوە.
 
لە دوایین یاریشدا لە کێشی 125 کیلۆدا، کەنەدا زێڕەکەی بردەوە و بە سەرکردایەتیی ئامارڤیری دهێسی بووە پاڵەوان و لە ئەنوەری پاکستانی بردەوە.