فەرمی.. سانچێز مایەوە

رووداو - هەولێر

یانەی ئینتەرمیلان بەفەرمی مانەوە ئەلێکسیس سانچێزی لە ریزەکانی راگەیاند و ئەو یاریزانە بەیەکجارەکی بووە یاریزانی یانەی نیرازووری.

ماڵپەڕی فەرمی یانەی ئینتەرمیلان، ئەم هەواڵەی بڵاوکردەوە و بەخۆڕایی و بە گرێبەستێکی هەمیشەیی ئەلێکسیس سانچێزی کردە یاریزانی خۆی.

لە هەمان کاتیشدا یانەی مانچێستەر یونایتد رۆیشتنی یاریزانەکەی راگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی سانچێز بووە یەکەم یاریزانی چیلی کە درێسی یانەی مان یونایتدی پۆشی، ئەو کوڕە تەمەن 31 ساڵانە دوو ساڵ یاریزانی یانە سوورەکە بوو، لەگەڵ ئەو تیپەدا 5 گۆڵ و 9 ئاسیستی هەبوو، بەڵام ئەوە دەبێتە ساڵێک لە ئینتەرمیلان یاری دەکات خاوەنی 4 گۆڵ و 10 ئاسیستە و جێگەی خۆی لەلای کۆنتی راهێنەر کردووەتەوە.

ئەوەی سەیربوو لەم بابەتەدا ئەوەیە کە سانچێز ئامادەبوو لە پێناو یاریکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خۆیدا واز لە مووچەیەکی 16 ملیۆن یۆرۆیی بهێنێت، لەسەر داوای خۆی نەگەڕایەوە مانچێستەر و لە ئینتەرمیلان دەمێنێتەوە.

گرێبەستەکەی سانچێز بۆ ئینتەرمیلان بەخۆڕاییە، بەڵام تاوەکو ساڵی 2023 دەبێت، ئەو یاریزانە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا تەنیا 12 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت، لە کاتێکدا لە مان یونایتد لە ساڵێکدا 16 ملیۆنی وەردەگرت، بەمەش مانچێستەر یونایتد 60 ملیۆن یۆرۆی لە مووچەی ئەو یاریزانە بۆ دەگەڕێتەوە.