رووداو دیجیتال
یانە بەشدارەکانی خولی نایابی عێراق، داوا دەکەن دەسپێکردنی یارییەکانی خولەکە دوابخرێت بەهۆی ئەنجامنەدانی ئامادەکارییەکی باش و مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، رۆژی 20ی مانگی سێپتێمبەری داهاتووی دیاریکرد بۆ بەڕێکەوتنی شەمەندەفەری وەرزی نوێی یارییەکانی خولی عێراق، بەڵام هێشتا یانەکان بەهۆی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەیانتوانیوە راهێنانەکانیان دەستپێبکەنەوە.
یانەی هەولێر خاوەن چوار نازناوی خولی عێراق، ئەمساڵ رادان گاسانینی راهێنەری کرواتی سەرپەرشتی دەکات، هێشتا ئەو راهێنەرە نەگەڕاوەتەوە شاری هەولێر و تیپەکەش دەستی بە ئامادەکاریی نەکردووە.
پشتیوان شبیب، جێگری سەرۆکی یانەی وەرزشی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند" ئێمە داوا دەکەین خولی نایابی عێراق دوابخرێت، لەبەرئەوەی لەبەرژەوەندی هەموو یانەکانە، بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی باش خۆمان ئامادە بکەین و تیپێکی بەهێز ئامادە بکەین بۆ وەرزی نوێ".
یانەی زاخۆ نوێنەرێکی دیکەی هەرێمی کوردستانە لە خولەکە، ئەمساڵ ئەحمەد سەڵاح ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق راهێنەری یانەکەیە و گرێبەستیش لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی عەرەب و کورد واژۆکراوە، زاخۆ هیوای ئەنجامێکی باشی لە خولی عێراق هەیە.
ئیدریس کۆچەر، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ لەبارەی هەڵوێستیان بۆ رووداوی روونکردەوە "باشترین بژاردە دواخستنی خولی عێراقە بۆ مانگی ئۆکتۆبەر، بەهۆی مەترسیەکانی کۆرۆنا نەمانتوانیوە راهێنان دەستپێبکەین و وا زووش تیپەکە کۆنابێتەوە، هەر بۆیە ئێمە بە نووسراوێکی فەرمی داوا لە دەستەی کاتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکەین خولەکە دوابخات".
یانەی نەفتی ناوەڕاست خاوەن نازناوێکی خولەکەیە، ئەمساڵ بەکۆکردنەوەی ئەستێرەکانی عێراق دەیەوێت ململانێ لەسەر نازناوی خولەکە بکات.
فیراس بەحرلعلوم، سەرۆکی یانەی نەفتی ناوەڕاست بۆ رووداو ئاشکرایکرد "هێشتا مەترسیەکانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو ماوە لە عێراق، واتا کۆبوونەوە و هاتوچۆمان بۆ شارەکان مەترسیدارە، پێویستە بڕیار لەسەر دواخستنی خولەکە بدرێت".
یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق بە بەشداری 20 یانەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ