کاسێمیرۆ: دایکم فێری کردووم لەنێو یاریگەدا هێمن بم

06-08-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کاسێمیرۆ زینەدین زیدان
A+ A-

رووداو دیجیتال

کارلۆس کاسێمیرۆ، یاریزانی بەرازیلی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا ئاشکرای دەکات کە هێشتا جۆرێک لە ترس و شەرمی لە زینەدین زیدانی راهێنەری هەیە، دەشڵێت "من یاریزانێکی لەسەرخۆ و هێمنم".

کاسێمیرۆ لە هەڤپەیڤینەکەدا باسی لەوەکرد کە ئەو بۆ یاریکردن زۆر بایەخ بە بیرکردنەوە دەدات و گوتی "تۆپی پێ بە عەقڵ دەکرێت نەک بە قاچەکان، راستە پێویستە بەهێز بی، بەڵام زۆر پێویستیت بەوەیە لە کاتی یاریکردن پشت بە عەقڵت ببەستی".

کاسێمیرۆ دانی بەوەدا نا کە تۆپی پێ رێگەیەکە بۆ راکردن لە هەندێک شت لە ژیاندا، بە تایبەتیش لە بەرازیل، کە وەک خۆی دەڵێت زۆر لە بەرازیلییەکان بەهۆی تۆپی پێ لە هەژاری و نەبوونی رزگاریان بووە و گوتی "هەموو ئەوەی من پێگەیشتووم بەهۆی ماندووبوونی دایکم بووە، منیش خۆشبەخت بووم کە توانیم رێگەیەک بدۆزمەوە بۆ رزگارکردنی خێزانەکەم لە هەژاری، هەرچەندە ئەوە بە ئاسانی بەدەستم نەهێناوە، بەڵام من هەمیشە لە دڵەوە لە 200٪ پێشکەش دەکەم".

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لە رۆژانی رابردوودا سەیری یارییەکانی مانچێستەر سیتی کردووە، کە رکابەریانە لە چامپیۆنزلیگدا؟ کاسێمیرۆ بە پێکەنینەوە گوتی "لەو رۆژەوەی لالیگا تەواو بووە من بەدواداچوون بۆ هەموو شتێک دەکەم".

سەبارەت بە یارییەکەیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا، یاریزانە بەرازیلییەکە زیاتر گوتی "یارییەکی زەحمەت دەبێت، بەڵام ئێمە بە هیواوە یاری دەکەین، درێسی ریال مەدرید ناچارت دەکات لە هەموو یارییەکاندا سەرکەوتن بەدەستبهێنیت، تەنانەت لە یارییە دۆستانەکانیشدا".

کاتێکیش لەبارەی زینەدین زیدانی راهێنەرییەوە پرسیاریان لێکرد؟ ناوەڕاستکاری ریال مەدرید گوتی "تاوەکو ئەمڕۆش کاتێک قسەی لەگەڵ دەکەم هەست بە جۆرێک لە شەرم و دڵەڕاوکێ دەکەم، ئێوە نازانن لای من زیدان واتا چی؟".

سەبارەت بەوەش کە هەندێجار لە کاتی یاریکردندا تووندوتیژی بەکاردەهێنێت؟ کاسێمیرۆ گوتی "لەوانەیە زیاتر لە یاریزانانی دیکە هەڵە لە دژی یاریزانانی تیپی بەرامبەر بکەم، بەڵام بەر لە هەر یارییەک نوێژ دەکەم بۆ ئەوەی کەس بەهۆی منەوە تووشی پێکان نەبێت، ئەوە رەوشتی دایکمە، ئەو فێری کردووم کە هەمیشە هێمن و لەسەرخۆ بم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە