جامی رۆژئاوای ئاسیا کلیلی پێشکەوتنی وەرزشی کوردستان دەبێت

06-08-2019
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی رۆژئاوای ئاسیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتی جامی رۆژئاوای ئاسیا لە هەولێر لە دوای یاریی کۆتایی جامی یەکێتی ئاسیا لە ساڵی 2012، گەورەترین بۆنەی وەرزشییە لە باشووری کوردستان و دەستکەوتێکی گەورەیە، هەموو ئەمەش بەهۆی باشی بارودۆخی ئەمنی هەولێرە نەک باشی یاریگەکەی.

ئەگەر خۆمان لە راستی نەشارینەوە یاریگەی زۆر باشتر لە عێراق لەوەی فەرەنسۆ هەریری هەن، کە هەم چیمەنەکەیان باشترە و هەمیش لەرووی ئامادەبوونی هاندەرانەوە جێگەی زیاتری تێدادەبێتەوە، بەڵام کاتێک هەڵبژاردەیەکی گەورەی وەک سعودیە داوادەکات لە هەولێر یارییەکانی بکرێن بەلایەوە ئارامیی گرنگترە نەک باشی یاریگە.

ئەو چوار هەڵبژاردەیەی لە هەولێرن لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا، لەرووی وەرزشییەوە زۆر لەپێش باشووری کوردستان و بەشێکی زۆری عێراقن، لەرووی بونیادنانی یاریگە و کۆمەڵگەی وەرزشی، دەکرێت هاتنی ئەوان بکرێتە هەلێکی زۆرباش بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی دۆستایەتی و پتەو لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتانە دروستبکرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوود لە یەکدی وەربگرن، چ بۆ رێکخستنی یاریی دۆستانە لەنێوان یانەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ یانەکانی ئەو وڵاتانە یانیش بونیادنانی یاریگە و کۆمەڵگەی وەرزشی لە باشووری کوردستان.

گرنگترین خاڵی ئەنجامدانی ئەم پاڵەوانێتییە کە دەبێت بۆ هەموو کورد جێگەی شانازی بێت، ئەوەیە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان لەنێو هەموو عێراق هەولێری بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پاڵەوانێتییە هاوشانی کەربەلا دەستنیشانکرد، ئەمە ئەوپەڕی سەربەرزییە، بەڵام دوای ئەم پاڵەوانێتییە دەکرێت بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەرزشی لە عێراق و کوردستان، بەجددی بیر لە دروستکردنی یاریگەی باشتر، جوانتر و گەورەتر بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پاڵەوانێتیی گەورەتر لە باشووری کوردستان ببینین، لێدوانی راهێنەری سعودیەش بۆ رووداو کە گوتی "هەولێر شایستەی بەڕێوەبردنی پاڵەوانێتی گەورەیە" باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوە.

چاوی فیفا، بەشێکی ئاسیا و رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە لەسەر هەولێرە، سەرکەوتنی ئەم پاڵەوانێتییە بۆ هەموو کوردستانە و شکستەکەشی بەهەمان شێوە، راهێنەر و یاریزانانی هەڵبژاردەکان بەهاتنیان بۆ هەولێر زۆر کەیفیان سازە و دڵخۆشن، لەبەرئەوە دەبێت هەموو شتێک بکەین بۆ ئەوەی ئەم تاقیکردنەوەیە بەباشی و جوانی بەرێبکەین و رووی جوانی وڵاتەکەمان پێشانی هەموو لایەک بدەین، کە بەدڵنیاییەوە ئەمە سەرەتای کرانەوەی دەرگای گەورەتر دەبێت.

ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یاریی سعودیە و کوەیت لەنێو یاریگەی فەرەنسۆ هەریری هەلێکی زۆرباش بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە رێکخستنی پاڵەوانێتییەکە و یاریگەکەش ببینێت لەبەرئەوەش پێموایە دوای ئەم پاڵەوانێتییە کاتی ئەوەیە کاری باشتر بۆ وەرزشی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و هەولێر بەتایبەتی بکرێت، لەکاتێکدا پایتەختە و پێویستییەکی زۆری بە یاریگەیەکی سەردەمیانە و گەورە هەیە.

هەولێر ئێستا هۆتێل، میوانخانە و شوێنی گەشتیاری زۆرباشی تێدایە و لەرووی ئەمنیشەوە نموونەی باڵای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، بەڵام یاریگەی باشی نییە، کە بەدڵنیاییەوە بەهەبوونی یاریگەی باش و خزمەتکردنی زیاتری بواری وەرزشی گەشتیاری زیاتر روودەکاتە باشووری کوردستان و هەڵبژاردە و یانەکانی وڵاتانی ناوچەکەش دێن بۆ ئەوەی لێرە یارییەکانیان ئەنجامبدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە