وازهێنانی چاڤی هێرناندێز

06-08-2014
رووداو وەرزشی
رووداو
رووداو
نیشانەکردن چاڤی هێرناندێز
A+ A-

وازهێنانی چاڤی هێرناندێز لەیاری نێودەوڵەتی باڵی بەسەر مەشقەکانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە داگرت.
¤WA0 5108 
چاڤی هێرناندێز یەکێک بوو لەیاریزانە سەرەکییەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەبردنەوەی نازناوەکانی یۆرۆی 2008 و 2012 و هەروەها بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2010ـی ئەفریکای باشوور.
هێرناندێز شان بەشانی ئاندرێس ئینیێستا، کۆڵەکەی سەرەکی بردنەوەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بوون بەهۆی پەیڕەوەی کردنی شێوازی تیکی تاکا و راکردنی بەردەوام.
چاڤی وەک باشترن یاریزانی یۆرۆی 2008 دەستنیشانکرا ئەمەش دوای گێڕانی رۆڵێکی سەرەکی لەبردنەوەی نازناوەکە و هەروەها دانی پاسی یەکلاکەرەوەی یاری فیناڵ بۆ فێرناندۆ تۆرێس بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا کە گۆڵی بردنەوەی پاڵەوانیەتیەکە بوو.
ساوند بایت - چاڤی هێرناندێز - یاریزانی بارسێلۆنا
"شانازی بە یاریکردنم دەکەم بۆ هەڵبژاردەیەکی وەک ئیسپانیا، توانیمان بەیەکەوە چەندین چیرۆکی سەرکەوتن تۆماربکەین لەشەش حەوت ساڵی رابردوودا، بە هەستێکی ئارامکەرەوە واز لەئەرکەکەم دەهێنم، هیوای باشترین بەختیان بۆ دەخوازم، من دڵخۆشم چونکە دێل بۆسکی وەک راهێنەر بەردەوام دەبێت، لە ئێستاوە من تەنیا هاندەری هەڵبژاردەی ئیسپانیام، زۆر سوپاسی هەموو لایەکتان دەکەم".

چاڤی روونیکردەوە پلانی دانابوو لە دوای یۆرۆی 2012 وازهێنانی یەکجارەکی رابگەیەنێت بەڵام ڤیسێنتی دێل بۆسکی راهێنەری لافۆریا رۆخا رازیکرد بەردەوامبێت لەیاریکردن و بەشداری لەمۆندیالی 2014 برازیلیشدا بکات و دواتر لەقۆناخی یەکەمی ئەو پاڵەوانیەتیە کرانە دەرەوە.
چاڤی 133 یاری نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئەنجامداوە و 100بردنەوەی تۆمارکردووە.
لەلایەکی دیکەوە هێرناندێز رایگەیاند بەردەوام دەبێت لەیاریکردن لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا کە ئێستا تەنیا دوو ساڵی ماوە بۆ بەسەرچوونی گرێبەستەکەی.
 چاڤی لەبەشێکی قسەکانیدا روونیکردەوە لەدوای تەواوبوونی وەرزی رابردوو گەیشتبووە ئەو بڕوایەی بارسێلۆنا جێبهێڵێت دوای پەرەسەندنی ناکۆکییەکان لەگەڵ جێراردۆ مارتینۆی راهێنەری پێشووی ئەو یانەیە بەڵام دوای ئەوەی لویس ئێنریکێ ئەرکی مەشقی یانەکەی گرتە ئەستۆرای چاڤی گۆڕی و مانەوەی لە یانە کاتالۆنییەکەدا راگەیاند.
ساوند بایت - چاڤی هێرناندێز - یاریزانی بارسێلۆنا
ئامادەم هەموو شتێک بکەم بۆ ئەوەی سوودبەخش بم بۆ بارسێلۆنا، هیوادارم خەڵک لەبڕیارەکەی من تێبگات کاتێک لەمانگی یۆلیۆی رابردوو بڕیارمدابوو بارسێلۆنا جێبهێڵم چونکە ئەوکاتە باری دەروونیم تەواونەبوو بەڵام ئێستا هیچ کێشەیەکم نییە، لەکۆتایی وەرزدا رووبەڕووی دوو ساتی ناخۆش بوومەوە و ئەوکاتە پێم وابوو کاتی من لەگەڵ بارسێلۆنا بەسەرچووە بەڵام دوای کۆبوونەوەم لەگەڵ دەستەی کارگێڕی یانەکە ئەو بڕوایەیان بۆ دروستکردم کەهێشتا من یاریزانێكی گرنگی نێو پێکهاتەی بارسێلۆنادام". 
¤WA1 4984 4896 
وازهێنانی چاڤی هاوکاتبوو لەگەڵ گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ مەشقەکانی بلوگرانا وبڕیارەکەی چاڤی باڵی بەسەر مەشقەکانی بارسادا گرت سەرەڕای گەڕانەوەی مێسی ئەستێرەی یەکەمی یانەکە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە