ئیسپانیا و فەرەنسا بەسەر ئەڵمانیا و پۆرتوگالدا سەرکەوتن بۆ چوارگۆشەی زێڕین

06-07-2024
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و لامین یامالی ئیسپانی
کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی و لامین یامالی ئیسپانی
A+ A-
 
رووداو - ئەڵمانیا

هەزاران هاندەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پەیتا پەیتا و بە جۆش و خرۆشەوە لە فان زۆنی شاری هامبۆرگ کۆبوونەوە، ئەوان چوونە ئەوێ تاوەکو سەیری یارییەکی گرنگ لەنێوان ئیسپانیا و ئەڵمانیا بکەن، کە لە شتووتگارت بەڕێوەدەچوو. یارییەکە 120 خوولەکی خایاند و پێچەوانەی پێشبینیی ئەڵمانییەکان، هەڵبژاردەکەیان 2 بە 1 دۆڕا.
 
گێرمان ئێلڤاین، هاندەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەڵێت، "دڵتەنگم. یارییەکی دادپەروەرانە بوو، یارییەکی خۆش بوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئەڵمانیا وەکو پێویست نەبوو." ڤەنێسا شڤارتس، هاندەرێکی دیکەی ئەڵمانیایە و دەڵێت، "بەڵێ پێموایە بەخت زیاتر یاوەری ئیسپانیا بوو. جێگەی داخە، چونکە ئەڵمانیا باش رۆیشت، بەڵام ئەوەی روویدا خەمگین بوو."
 
هاندەرێکی دیکە بەناوی سێتنی بەیلی گوتی، "هەست بە دڵتەنگی دەکەم، ئەڵمانیا یارییەکی باشی کرد، بەڵام ناوبژیوان دژی ئێمە بوو. لێدانی سزایەکمان بۆ نەگیرا."
 
هەر لە شاری هامبۆرگ چاوەکان لەسەر دوو ئەستێرەی تۆپی پێ بوو، هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە سەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و هەڵبژاردەی فەڕەنسا بە سەرکردایەتی کیلیان ئیمباپێ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە؛ بە لێدانی یەکلاکەرەوە فەرەنسا یارییەکەی بردەوە.
 
پێش یارییەکە هاندەرێک گوتی، "دڵم لەگەڵ هەردوولادایە؛ لەگەڵ فەرەنسا و پۆرتوگالدایە." هاندەرێکی پۆرتوگالیش گوتی، "وەکو پۆرتوگالییەک هیوا دەخوازین ئەزموونی 2016 دووبارە بکەینەوە، بەڵام پێشبینی دەکەم یارییەکی پڕ گۆڵ نەبێت."
 
یاریی پۆرتوگال و فەرەنسا گەیشتە کاتی لێدانی یەکلاکەرەوە و فەرەنسا براوەی یارییەکە بوو. هاندەرێکی فەرەنسا گوتی، "زۆر شانازی بە هەڵبژاردەکەمانەوە دەکەم." هاندەرێکی پۆرتوگالیش گوتی، "یارییەکی باشمان کرد، بەڵام باش کۆتایی نەهات. دڵتەنگم کە دەرکراوین."
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فەرەنسا 9ی تەممووز لە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین لە یاریگەی میونشن رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە؛ ئەمڕۆ دوو هەڵبژاردەی دیکە دەگەنە قۆناخی چوارگۆشەی زێڕین، چاوەکان لەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا - سویسرا و هۆڵەندا - تورکیا دەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە