دوای 72 کاژێر کێشە و ناکۆکی بەیرانوەند گرێبەستەکەی نوێکردەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

عەلیرەزا بەیرانوەند، گۆڵپارێزی بەنێوبانگی کوردی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی پێرسپۆلیس، کێشەکانی لەگەڵ یانەکەی چارەسەرکرد و گرێبەستەکەی نوێکرایەوە.
 
بەیراوەند لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەگەڵ یانەی پێرسپۆلیس هەبوو و بڕیارییدا یەک لایەنە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، دوای ئەوەش هەر زوو یانەی ئیستقلال تاران هاتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی گۆڵپارێزە کوردەکە بباتە ریزەکانی و بۆ ئەوەش گفتوگۆکانی دەستپێکرد.
 
بەڕێوەبەری کارەکانی بەیراوەند لەلێدوانێکدا رایگەیاندبوو، لە ماوەی رابردوودا دووجار هۆشدارییان داوەتە یانەی پێرسپۆلیس، کە بەیرانوەند نایەوێت لە یانەکە بەردەوامبێت، بەهۆی ئەوەی کە شایستە داراییەکانی نەدراون و ئەمەش بێڕێزییە بەرامبەر ئەو گۆڵپارێزە.
 
دوای ئەم کێشانەی نێوان گۆڵپارێزە کوردەکە و یانە ئێرانییەکە، دەستەی کارگێڕیی یانەکە لەگەڵ عەلیزەرا بەیرانوەند کۆبووەوە و گفتوگۆیەکی دوور و درێژیان ئەنجامدا، دواجار گەیشتنە رێککەوتن، کێشەکانی گۆڵپارێزە کوردەکە چارەسەرکران و گرێبەستەکەشی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە درێژکرایەوە، لەکاتێکدا 60 هەزار دۆلاری بەیرانوەند وەک پاداشت لای یانەکە مابوو.
 
هاتنە سەرهێڵی یانەی ئیستقلال بۆ گواستنەوەی بەیرانوەند، کە رکابەری سەرەکیی یانەی پێرسپۆلیسە، کارگێڕیی یانەکەی ناچارکرد بۆ ئەوەی هەرچی زووە کێشەکان چارەسەربکات و گرێبەستی گۆڵپارێزە کوردەکە نوێبکاتەوە.
 
دوای 72 کاژێر لە ناکۆکیی نێوان هەردوولا بەیرانوەند واژۆی لەسەر گرێبەستی نوێی یانەکەی کرد و بۆ دوو ساڵی داهاتوو لەگەڵ پێرسپۆلیس بەردەوامدەبێت، وەحید عامری، هاوڕێی بەیراوەند دەڵێت "لە بنەڕەتدا بەیرانوەند نەیدەویست لە پێرسپۆلیس بڕوات، چونکە ئەو وەک ماڵەکەی سەیری یانەکە دەکات."

 
عەلیرەزا بەیرانوەند، گۆڵپارێزی کوردی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی پێرسپۆلیس، تەمەنی 30 ساڵە، لە 2007ـەوە یارییدەکات، لە کاروانی یارییکردنیدا بەرگریی لە گۆڵی یانەکانی ڤەهدات، نەفت تاران، پێرسپۆلیسی ئێرانی، رۆیال ئانتوێرپی بەلجیکی، بواڤیشتای پۆرتوگالی کردووە.
 
لە ساڵی 2010ـەوە بەردەوام بۆ هەڵبژاردەی جیاوازەکانی ئێران بانگهێشتکراوە و 57 یاریی بۆ هەڵبژاردەی یەکەمی ئەو وڵاتە ئەنجامداوە.